ژوری بازرگانی داوا لە قونسوڵی ئێران دەكات بانكەكانیان پارە بدەنە بازرگانان

قونسوڵی نوێی ئێران لە شاری سلێمانی سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد و لەبارەی ڕەوشی بازرگانی و ئابوریەوە گفتوگۆكرا.
ئەمرۆ دووشەممە 21/4/2014 ئاغای نەزاری قونسوڵی نوێی ئێران لەشاری سلێمانی سەردانی ژوری بازرگانی كردوو لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆك كۆبونەوە و تیایدا چەند تەوەرێكی بازرگانی و ڕەوشی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تاوتوێكرا.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند:لە دانیشتنەكەماندا كنسوڵی نوێی ئێرانی بۆزیاتر ناسینی ژورەكەمان سەردانی كردین و قسەكرا لەسەر ڕەوشی بازرگانی نێوان شاری سلێمانی و ئێران.
وتیشی داوام لە قونسوڵی ئێرانی كردووە كاربكات بۆئەوەی بانكەكانی ئێران هانبدات بۆپێدانی پارە بە قەرز بە بازرگانان و هاوووڵاتیان بۆئەوەی ئەو كارگانەی لە ئێراندا هەیە بێنە سلێمانی و كاربكەن و دەستی كار و بەرهەمی ناوخۆی زیادبكات.
لای خۆشیەوە ئاغای نەزاری ڕایگەیاند كە داواكاریەكانیان دەگەیەننە بەرپرسانی ئێران و كاردەكەت بۆ پتەو كردن و باشكردنی ڕەوشی بازرگانی لەنێوان سلێمانی و ئێراندا.