“عێراق به‌به‌رنامه‌ سزای‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ داوه‌”

وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ڕاپۆرتێكدا بڕی‌ به‌رهه‌مهێنان‌و هه‌نارده‌‌و پاڵاوتنی‌ نه‌وت له‌ساڵی‌ (2003)وه‌ تا ساڵی‌ (2013) ئاشكراده‌كات، ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات، حكومه‌تی‌ فیدڕاڵ‌ له‌ده‌ ساڵی‌ ڕابردودا سزای‌ ئابوری‌ خستۆته‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان.
به‌گوێره‌ی‌ ڕاپۆرتێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان كه‌ له‌ماڵپه‌ڕی‌ تایبه‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ڕاپۆرته‌كه‌ دوایین زانیاری‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنان‌و هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، پاڵاوتنی‌ ناوخۆیی‌، به‌ركاربردن، چالاكی‌ بیره‌ نه‌وتیه‌كان‌و ژماره‌‌و نه‌خشه‌ی‌ سه‌كۆكانی‌ هه‌ڵكه‌ندنی‌ بیره‌ نه‌وتیه‌كان، ژماره‌ی‌ دامه‌زراندن‌و دوایین زانیاری‌ له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سرزشتیه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت. 
به‌گوێره‌ی‌ ڕاپۆرته‌كه‌، وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان دوایین زانیاریی‌ وردی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنان‌و هه‌نارده‌، پاڵاوتنی‌ نه‌وتی‌ ناوخۆیی‌ له‌ساڵی‌ (2003)وه‌ تا ساڵی‌ (2014) ئاشكراكردووه‌، له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، حكومه‌تی‌ فیدراڵ‌ له‌ساڵی‌ (2004)وه‌ یه‌ك ملیار‌و (983) ملیۆن‌و (143) هه‌زار‌و (579) به‌رمیل نه‌وتی‌ به‌ركاربردوه‌، كه‌ له‌و بڕه‌ش (235) ملیۆن‌و (616) هه‌زار‌و (325) به‌رمیل نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌كاربراوه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ (12%)ی‌ كۆی‌ به‌كاربردنی‌ ناوخۆیی‌ عێراق له‌جیاتی‌ مافی‌ یاسایی‌ خۆی‌ كه‌ (17%)ی‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (98) ملیۆن‌و (343) هه‌زار‌و (442) به‌رمیل نه‌وتی‌ كه‌متر له‌مافی‌ یاسایی‌ خۆی‌ به‌كاربردوه‌.
به‌گوێره‌ی‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان، به‌هۆی‌ كه‌ش‌و هه‌وا‌و بارودۆخی‌ ئابوری‌‌و هه‌ندێك هۆكاری‌ تایبه‌تی‌ دیكه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، حكومه‌تی‌ هه‌رێم داوای‌ مافی‌ شایسته‌ی‌ خۆی‌  له‌جیاتی‌ (17%) داوای‌ (20%)ی‌ كۆی‌ به‌كاربردنی‌ ناوخۆیی‌ عێراق ده‌كات، له‌و حاڵه‌ته‌شدا حكومه‌تی‌ هه‌رێم (157) ملیۆن‌و (925) هه‌زار‌و (495) به‌رمیل نه‌وتی‌ كه‌متر له‌مافی‌ خۆی‌ به‌كاربردوه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ له‌ (10) ساڵی‌ ڕابردودا حكومه‌تی‌ فیدراڵ‌ سزای‌ ئابوری‌ به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پاندوه‌.
NNA