سوریا به‌نیازه‌ هاورده‌ قه‌ده‌غه‌ بكات

ئه‌ندامێكی‌ نوسینگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ سوریا ئاشكرایكرد، وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ سوریا به‌نیازه‌ هاورده‌كردنی‌ كاڵا له‌ده‌ره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاڵا له‌ده‌ستی‌ هه‌ندێك لایه‌نی‌ قۆرخكاردا ده‌ربهێنێت، كه‌ دۆخی‌ ئێستای‌ هاوڵاتیانی‌ سوریایان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان قۆستۆته‌وه‌.
(حلب لیون) ڕونیكرده‌وه‌، هه‌ندێك كه‌س‌و لایه‌ن دۆخی‌ خراپی‌ گوزه‌رانی هاوڵاتیانیان له‌سوریا قۆستۆته‌وه‌‌و ده‌ستیان به‌سه‌ر قوتی‌ خه‌ڵكدا گرتوه‌، به‌وته‌ی‌ لیون، حكومه‌تی‌ دیمه‌شق ده‌یه‌وێت ڕێگری‌ له‌و كه‌س‌و لایه‌نانه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ئاره‌زوی‌ خۆیان یاری‌ به‌ژیانی‌ هاوڵاتیان نه‌كه‌ن. 
ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ سوریا ته‌ئكیدی‌ له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ سوریا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاورده‌، چوه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌وه‌ش هه‌ندێك كاڵا له‌بازاڕه‌كاندا نامێنن‌و هه‌ندێكشیان نرخیان به‌رزده‌بێته‌وه‌. 
هاوكات (حه‌سه‌ن حیجازی‌) وه‌زیری‌ كاری‌ سوریا ڕایگه‌یاندوه‌، دۆخی‌ كارو كاركردن له‌سوریادا ناجێگره‌‌و بۆشایی زۆری‌ تێدایه‌، جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌، پێویسته‌ ستراتیژیه‌تێكی‌ درێژخایه‌نی‌ بۆ دابنرێت. 
NNA