بە مەبەستی رێكخسنی لایەنی بازرگانی و هاوردەكردنی شمەك و كاڵاكان لە دەرەوەی هەرێم بۆ پارێزگای سلێمانی ، ئەمرۆ 2 شەمە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی كۆبونەوەی مانگانەی خۆی لەگەڵ لیژنەی رێكخستنەوەی بازرگانی، بە ئامادەبوونی سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەیوەندیدار بە بازرگانییەوە ئەنجامدا، دوای گفتو گۆكردن و پێداچوونەوە بە خاڵەكانی كۆبوونەوەی رابردوو و بە هەماهەنگی لایەنە بەشداربووەكان بریاردرا ئاژەڵ لە ژێرچاودێریكردنی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هاوردەبكرێت و بە كەرێنتینەی ڤێتەرنەریدا تێپەر ببێت. ئامانج لەم بریارەش گران نەبوونی نرخی گۆشت و دابینكردنیەتی بۆ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، هەروەها دانانی باڵانسێك بۆ هاوردەكردنی سەوزەو میوە بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاری لیژنەیەك كرا تاوەكو هاوردەكردنی سەوزەو میوە و هاوسەنگ بكرێت و بەرهەمی ناوخۆ لەبەرچاوبگیرێت و ئەو پێداویستیانەی كە دەهێنرێتە پاێزگای سلێمانی مەرجی تەندروستی تێدابێت.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەدا پێشنیاركرا هەماهەنگی تەواو لە نێوان بەرێوەبەرایەتی كوالیتی جۆری سلێمانی و گومركی باشماخ دروست بكرێت بە مەبەستی رێگریكردن لە سەرپێچییەكان و پشكنینی كاڵاكان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی جۆری ، و كاركردنی زیاتر بۆ بازرگانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی لە ژێرچاودێری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ، و لە داهاتوودا لە لایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی گومركەوە بەدواداچوون بكرێت بۆ پێناسەی گومركی .
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بریاردا بەرێوەبەرایەتی گومرك و سەرۆكایەتی ژوری بازرگانی سەردانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بكەن، بە مەبەستی دیاریكردنی شوێنی چاوەروانی شیاو و گونجاو بۆ بازرگانەكان ، هەروەها بەدواداچونی جدی بكرێت بۆ ئەو 69 مادەیەی كەلەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە قەدەغەكراوە و پێشكەشی داواكاری گشتی هەرێم كراوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زانستیانەو تەندروستیانە كاری لەسەربكرێت.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی