سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی زیادبونی نرخی گومرگ لەدەروازە گومرگیەكانی هەرێمی كوردستان، بازرگانانیكردن لەو دەروازانە بە رێژەی لەسەدا 50 كەمیكردووە.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند: لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان كار بە یاسای نوێی گومرگ دەكرێت، بەوهۆیەشەوە نرخی گومرگ زیادی كردووەو لە ئێستاشدا لەدەروازە گومرگیەكانی هەرێم كاری بازرگانی لاوازبووە.
وتیشی، یاسا نوێەكە لە ناوەڕاست و خواروی عێراق كاری پێناكرێت، بەوەش بازرگانانی هەرێم پەنادەبەنەبەر دەروازەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داواشی كرد، دەستبەجێ كاركردن بەو بڕیارە رابگیرێت و كاری پێنەكرێت.
حكومەتی عێراق لەسەرەتای ئەمساڵ یاسای پێناسەی نوێی گومرگی خستە بواری جێبەجێكردنەوە كە 109 كاڵاو شتومەك دەگرێتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمیش بڕیاریدا لە شەشی شوباتی ئەمساڵەوە یاساكە لەهەرێم جێبەجێ بكرێت.
بەپێی یاساكە زۆربەی كەلوپەلە هاوردەكراوەكان، جگە لەخواردەمەنی و شتومەكی بازرگانی و پیشەسازی، رێژەی گومرگیان لە سەدا پێنجەوە بۆ لە سەدا 20 بەرزبۆتەوە.