وەزارەتی بازرگانی دەڵێ شتی وا نییە

ئەو برنجەی کە لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کیلۆی بە 100 دینار وەردەگیرێت، دەبرێتە تورکیا و دوای چاککردن و لە ئامێردانی بە بڕی 2000 دینار دەگەڕێنرێتەوە، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەسەر نایاساییبوونی ئەو کارە دەکاتەوە.
خراپیی کوالیتیی برنجی بایەع وای لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەو برنجە لە بریکارەکانی خۆراک وەربگرن و بە نرخێکی کەم بیفرۆشنەوە، هەندێک لە بازرگانانیش ئەو برنجە دەکڕن و بەرەو تورکیای دەبەن، لەو وڵاتەش لە رێگەی ئامێرەوە دەهاڕدرێت و دواتر پان و درێژ دەکرێتەوە و لەگەڵ تێکەڵکردنی هەندێک ماددە کە تامی برنجەکە خۆش دەکات، لەناو کیسەی جوان و بە کوالیتی برنجی دەنک درێژی بەسمەتیی 13 ملیم، بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. 
بازرگانێکی ئەو کارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان لێرە ئەو برنجە لە هاووڵاتیان دەکڕن و بۆ تورکیای دەنێرن، زانیاریی تەواویان هەیە کە ئەو برنجانەی بۆ کوردستان لەو وڵاتەوە دێنەوە هەمان ئەو برنجە بایەعەن و دوای لەئامێردان و دەستکاریکردن بە شێوازێکی تر کە وا دیار بێ کوالیتیی باشتر بێ و خستنە ناو زەرفی تایبەت دەگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان”.
ئەو بازرگانە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەوان بە شێوەیەکی ئاسایی و لە سنوورەکانەوە ئەو برنجە بۆ تورکیا رەوانە دەکەن، گوتیشی: “زۆربەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان ئەو برنجە ناخۆن و بە نرخی هەرزان دەیفرۆشنەوە، چونکە لە رووی کوالیتیەوە خراپە و دەنکەکانی شکاون و تامێکی خۆشی نییە و لێنانیشی زەحمەتە و دەبێتە پەسیسە”.
بەڵام ئەحمەد حسێن وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا ئەوانە کارێکی نایاسایی دەکەن و ئەگەر لە سنوورەکان بزانرێت ئەو برنجەی لە زەرفدا هاتووە هەمان برنجی بایەعە، ئەوە بە دڵنیاییەوە دەستی بەسەردا دەگرن.
گوتیشی: “لێژنەکانی وەزارەت بەردەوام چاودێریی هەموو سنوورەکان و ناو بازاڕ و شوێنەکانی فرۆشتنی خۆراک دەکات، ئەگەر هەر حاڵەتێکی وا هەبێت، ئەوە درکیان پێکردووە و بەدڵنیاییەوە دەستیان بەسەردا گرتووە”.
هاوکات محەمەد عەباس بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بۆ (باس) رەتی کردەوە کە برنجی تایلەندی کە لە بریکارەکانی خۆراکەوە بە هاووڵاتیان دەدرێت، بە برنجی بەسمەتیی هیندی گۆڕابێت و لە زەرفی تایبەتدا لە تورکیا یان هەر شوێنێکی دیکە هاتبێتە بازاڕەکانی کوردستانەوە، گوتیشی: “تەنانەت یەک کیسی واشمان نەبینیوە”.
 
 
 
(باس)