بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوامی هەیە و لایەنە سیاسیەكان لە ململانێی بانگەشەی هەڵبژاردندان و هەوادارانیان ڕۆژانە بە ئۆتۆمبێل دێنە سەرشەقامەكان و بەڕەنگ كردنی ئۆتۆمبێلەكانیان و چەندین شێوازی دیكە ئۆتۆمبێلەكانیان دەڕازێننەوە و سەرپێچی ڕێنمایەكانی هاتوچۆدەكەن.
وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بەهمەن عەبدوڵا لەلێدوانێكدا ئەوەی بۆ سایتی ژور رونكردەوە” لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە 50 ئۆتۆمبێل دەستی بەسەرداگیراوە كە پێچەوانەی ڕێنمایەكانی هاتوچۆبون”.
وتیشی” فەرمانی دەستگیركردن و ڕاوەستانی مامەڵەی كڕن و فرۆشتن بۆ زۆرێك لە ئۆتۆمبێل دەرچووە كە بە كامێراكانی هاتوچۆ تۆماركراون وە نزیكەی 200 پسوڵەی ئاگاداركردنەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە كراوە كە پێچەوانەی یاسای بانگەشەی هەڵبژاردنبون”
لەسەرەتای دەستپێكردنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەوە لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی بڕیاریدا كە نابێت هیچ ئۆتۆمبیلێك بەپێچەوانەی ڕێنمایەكانی هاتوچۆ ڕەنگی ئۆتۆمبێلەكەی بگۆڕێت و شەوانەقەڵەباڵغی لەسەر شەقامەكان دروستبكات.