بۆردومانه‌كانی‌ ئیسڕائیل به‌رده‌وام بوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ میسریش گه‌یشته‌ غه‌زه‌

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ هیشام قندیل سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ میسر گه‌یشته‌ شاری‌ ره‌فح-ی‌ فه‌ڵه‌ستین، ئه‌م سه‌ردانه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ بۆ جارێكی‌ دیكه‌و سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ سوپای‌ ئیسڕائیل بۆردوومانی‌ كه‌رتی‌ غه‌زه‌ی‌ كرده‌وه‌.
سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ بڵاویانكرده‌وه‌، هیشام قندیل و وه‌فدێكی‌ باڵای‌ حكومی‌ وڵاتی‌ میسر گه‌شیتنه‌ فه‌ڵه‌ستین، وا بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ ئیسماعیل هه‌نییه‌ی‌ سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌ڵه‌ستین كۆببنه‌وه‌.
پێشتر میسر داوای‌ له‌ ئیسڕائیل كردووه‌، كه‌ بۆردوومانه‌كانی‌ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌زه‌ رابگرێت، به‌پێێ‌ هه‌واڵێكی‌ ” فرانس پرێس” بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسڕائیل، بڕیاری‌ داوه‌ كه‌ هێرشه‌كان بۆ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌زه‌، بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ كاتژمێر رابگرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ سه‌ردانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ میسره‌وه‌ بووه‌.
ئه‌م سه‌ردانه‌ی‌ هیشام قندیل بۆ فه‌ڵه‌ستین، به‌یه‌كه‌مین سه‌ردانی‌ ناوبراو داده‌نرێت، له‌ دوای‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و وڵاته‌.