ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ عێراق‌و توركیا (11) ملیار دۆلاری‌ تێپه‌ڕاندوه‌

بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ عێراق ڕایگه‌یاند، له‌ئێستادا (140) كۆمپانیای‌ وه‌به‌رهێنانی‌ توركیا له‌عێراقدا كارده‌كه‌ن، قه‌باره‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتیش گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ (11) ملیار دۆلار. 
(مه‌هدی‌ عه‌لاق) بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ عێراق له‌لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ی‌ (ئیستقامه‌) ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، له‌دوای‌ ساڵی‌ (2003)وه‌ بازاڕی‌ عێراق بۆته‌ شوێنێكی‌ گونجاو بۆ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی‌ توركیا، له‌ئێستاشدا كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی‌ توركیا له‌چوارچێوه‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانیه‌وه‌، بونه‌ته‌ به‌شێكی‌ گرنگ له‌ئابوری‌ عێراق.
(مه‌هدی‌ عه‌لاق) جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ دوایین ئاماژی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان سه‌باره‌ت به‌كۆمپانیا بیانیه‌كان له‌عێراقدا، له‌ئێستادا ژماره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ توركیا گه‌یشتۆته‌ (140) كۆمپانیا، كه‌ دابه‌شبون به‌سه‌ر كه‌رته‌كانی‌ كاره‌با، نیشته‌جێبون، ته‌ندروستی‌، ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ‌و گه‌شتوگوزار‌و چه‌ند بوارێكی‌ دیكه‌دا.
بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ عێراق وتیشی‌:”تا مانگی‌ ئاداری‌ ڕابردوو، قه‌باره‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ نێوان عێراق‌و توركیا زیاتر له‌ (11) ملیار دۆلاربوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا قه‌باره‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ساڵی‌ (2013)دا (10) ملیار‌و (200) ملیۆن دۆلاربوه‌”.
————