‏300 كـــــــــۆمپانیای نەوت تۆماركراون ‌

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە ٢١ هەزار كۆمپانیای جۆراوجۆر لەكوردستان ‏تۆماركراون، كە بەشی هەرە زۆریان كۆمپانیای ناوخۆیین.‏
بەپێی لێدوانی بەرپرسێكی ئەو وەزارەتە، پەسەندنەكردنی بودجەی عیراق‌و قەیرانە داراییەكەی هەرێم، كاریگەریی لەسەر ‏هاتنی كۆمپانیا بیانییەكان نەبووەو هیچ كۆمپانیایەكیش مایەپوچبوونی رانەگەیاندووە.‏
‏(13%)ی كۆمپانیاكان لەكوردستان
دڵزار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی هەرێم ئاشكرایكرد، ئەو ‏قەیرانە داراییەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هاتنی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ هەرێم ‏نەبووە، بەجۆرێك هاتنیان لەساڵی ٢٠١٤دا، هاوشێوەی ساڵانی پێشترە. راشیگەیاند، بەمدواییانە كۆمپانیای بەهێزو گەورەی دنیا، ‏روویان كردۆتە هەرێمی كوردستان بۆ سەرمایەگوزاریی.‏
دڵزار ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی:»ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لەكوردستان، زیاتر لە ٢١ هەزار كۆمپانیایە، لەو ‏ژمارەیەش دوو هەزارو ٧٨٠ كۆمپانیایان بیانیین كە دەكاتە (١٣%)ی كۆمپانیاكانی كوردستان».‏
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی هەرێم روونیكردەوە، ئەو كۆمپانیایانەی ‏لەبواری نەوت‌و غاز لەهەرێم كاردەكەن، دوای رەزامەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لای ئەوان تۆمار دەكرێ‌و ئێستا ‏بەكۆمپانیا ناوخۆییەكانەوە ژمارەیان گەیشتۆتە ٣٠٠ كۆمپانیای نەوت‌و غاز.‏
كۆمپانیا توركی‌و ئەمریكییەكان
دڵزار ئیسماعیل لەبارەی ئەو كۆمپانیا بیانیانە ئاماژەی بەوەدا، پێشتر كۆمپانیاكانی هەرێم، زیاتر لەو وڵاتانە بوون كە ‏دراوسێی هەرێمن، بەڵام ئێستا زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان كۆمپانیایان لەهەرێمدا هەیە. ‏
وتیشی:»كۆمپانیاكانی توركیا لەنێو كۆمپانیا بیانییەكاندا ریزبەندی یەكەمیان هەیەو لەكۆی دوو هەزارو ٧٨٠ كۆمپانیای بیانی، ‏هەزارو ١٨٠یان توركین، كۆمپانیا ئەمریكییەكانیش كە نزیكەی ٦٠ كۆمپانیا دەبن، لەڕیزبەندی پێنجەمدا دێن».‏
لەكۆتایی قسەكانیدا بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ‏پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی عیراق لەبارەی تۆماری كۆمپانیاكانەوە ئاساییەو وتی:»ساڵی ٢٠٠٦ پرۆتۆكۆلی هاوبەش ‏لەنێوان هەردوولا بۆ تۆماركردنی كۆمپانیاكان هەیە».‏
كوردستانی نوێ‌