عێراق.. كۆمپانیای (جی ئێس كه‌ی ) بەریتانی بە گه‌نده‌ڵی تۆمەتباردەكرێت

كۆمپانیای ده‌رمانی بریتانی “گلاسكۆ سمیپكلاین” (جی ئێس كه‌ی) لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تێوه‌گلانی لقێكی خۆی له‌ دۆسیه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق ده‌كات.
جی ئێس كه‌ی كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌ ئابڕووچوونی به‌رتیل دان له‌ چین تۆمه‌تبار كراوه‌، رایگه‌یاند، هیچ نه‌رمییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ كارمه‌نده‌كانی نانوێنێت، ئه‌گه‌ر بێت و ره‌فتارێكی نایاساییان ئه‌نجامدابێت.
وته‌بێژی كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاند، “لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بانگه‌شانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ باس له‌ تێوه‌گلانی لقێكمان له‌ عێراق ده‌كه‌ن به‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و هیچ نه‌رمییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ره‌فتاری نایاسایی كارمه‌ندانمان نانوێنین”.
كۆمپانیاكه‌ نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ له‌نده‌نه‌، كه‌متر له‌ 60 كارمه‌ندیشی له‌ لقێكی ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌ی وڵ ستریت جۆرناڵ رۆژی دووشه‌ممه‌ 7ی نیسان – ئه‌پریلی 2014، بڵاویكرده‌وه‌، له‌ رێگه‌ی پۆستێكی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌، كه‌سێك كۆمپانیاكه‌ی له‌ تێوه‌گلانی كارمه‌نده‌كانی عێراق له‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵی 2012 و 2013، ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.
وته‌بێژی كۆمپانیاكه‌ ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه‌، ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر بره‌ودان به‌ كاره‌كانیان له‌ عێراق و به‌ره‌و پێشبردنی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌و وڵاته‌دا.
ئه‌و وته‌بێژه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كاركردن له‌ بازاری تازه‌په‌یدابوو، كۆمپانیاكان رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێ گرفت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ گرفته‌كان زیاتر په‌یوه‌ستن به‌ دنه‌دان و پێشخستنی كه‌رتی ته‌ندرووستییه‌وه‌.
هه‌روه‌ها وتی: “كۆمپانیاكه‌ له‌ هه‌وڵی چاوخشاندنه‌وه‌دایه‌ به‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌ چاكسازی ریشه‌یی له‌ بواری پرۆسه‌ی فرۆشتن و به‌ بازارخستنی كه‌رسته‌ و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان”.
ئه‌و كۆمپانیایه‌ رۆژی هه‌ینی رابردوو، ئاشكرایكرد، ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌نده‌كانی لقی چینی كۆمپانیاكه‌، له‌ كار دوورخراونه‌ته‌وه‌، به‌هۆی تێچوونی گه‌شته‌كانییانه‌وه‌.
وته‌بێژه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه‌، ده‌ركردنی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ په‌یوه‌ندی به‌و دۆسیه‌یه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌ باره‌ی به‌رتیله‌وه‌ دژی كارمه‌ندانی لقه‌كه‌یان له‌ چین كراوه‌ته‌وه‌.
له‌ ته‌مموز – یۆلیۆی 2013دا، كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌نده‌كانی لقی چین، یاسا ناوخۆییه‌كانی چینیان پێشێلكردووه‌ و به‌ پێدانی به‌رتیل به‌ كاربه‌ده‌ستانی چین تۆمه‌تبار كراوون، له‌ پێناو ساغكردنه‌وه‌ی كاڵا ته‌ندروستییه‌كان له‌ بازاردا.
 
 
NRT