كەناڵی تەلەفزیۆنی نەهاری میسری دەستیكردووە بە ئامادەكاری بۆ ئەوەی لە رێگای پێدانی بڕی یەك ملیۆن دۆلار چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ سوزان موبارەك، خێزانی حوسنی موباڕەكی سەرۆكی پێشووی میسر ئەنجامبدات.
دكتۆر مستەفا ئەلفەقی، پێشكەشكاری بەرنامەی “سەنەوات فورەس زائیعە” لە كەناڵەكە، ئەركی رازیكردنی سوزان موبارەكی گرتووەتە ئەستۆ و بە پێی هەواڵێكی رۆژنامەی وەتەنی كوەیتیش، فەققی توانیویەتی لە بری ئەم بڕە پارەیە سوزان بە تۆماركردنی دوو زنجیرەی بەرنامەكەی رازیبكات.
سوزانیش دوای ئەوەی بۆی روونكراوەتەوە بەرنامەكە لە سوودی ئەو كۆتایی دێت و مەرجەكانیشی بۆ ئەنجامدانی چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانیەكە جێبەجێدەكرێن، بەشێوەیەكی سەرەتایی رەزامەندی خۆی نیشانداوە.
هەروەها رۆژنامە كوەیتییەكە ئاماژەی بەوەداوە، سوزان چەند مەرجێكی داناون لەوانەش “قسەنەكردن دەربارەی تەندروستی موبارەك، قسەنەكردن دربارەی باری دەروونی دوو كوڕە زیندانیكرداوەكانی، قسەنەكردن دەربارەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستای، قسەنەكردن دەربارەی هیچ وردەكارییەك لە ژیانی تایبەتی خۆی لە دوای راپەڕینی 25 ی یەنایەرەوە”.
سوزان موبارەك داواشیكردووە چەند رۆژێك پێش تۆماركردنی چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانیەكە پرسیارەكانی بۆ بنێردرێن بۆ ئەوەی خۆی بۆ وەڵامەكانیان ئامادەبكات.