خاوه‌نی كۆمپانیای جگه‌ره‌ی مارلبۆرۆ سزا دەدرێت

مارلبۆرۆ كه‌ گه‌وره‌ترین و به‌ناوبانگترین كۆمپانیای جیهانییه‌ تایبه‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنانی جگه‌ره‌و زۆرترین فرۆشی هه‌یه‌ له‌ جیهاندا، روبه‌ڕووی چه‌نده‌ها سزاو سه‌رزه‌نشتكردن ده‌بێته‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگاو كۆمه‌ڵگاوه‌.
فیلیپ مۆریس كه‌ خاوه‌نی كۆمپانیای مارلبۆرۆیه‌ تۆمه‌تباركرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی وێنه‌ و ریكلامه‌كانیه‌وه‌ هانی گه‌نجه‌كان ده‌دات تا جگه‌ره‌ی زیاتر بكێشن و هۆگری جگه‌ره‌كێشانبن، ئه‌مه‌ش له‌ دوای هه‌ڵمه‌تێكی ریكلامكردنی كۆمپانیاكه‌وه‌ دێت له‌ ژێر ناونیشانی Be Marlboro له‌ وێنه‌كاندا هه‌ستاوه‌ به‌ به‌كارهێنانی وێنه‌ی گه‌نجان و لاوان له‌ ته‌نیشت ریكلامی به‌رهه‌مه‌كانیه‌وه‌ تا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كار له‌ گه‌نجان بكات ئالوده‌ی ئه‌م جۆره‌ جگه‌ره‌یه‌بن.
وێنه‌كانی كه‌ به‌كارهێناون پێكهاتوون له‌ وێنه‌ی كۆمه‌ڵێك گه‌نج و هه‌رزه‌كار كه‌ هه‌ندێكیان وا ده‌ره‌كه‌ون خۆشه‌ویستی یه‌كتربن، هه‌ندێك سه‌رقاڵی لێدانی ئامێرێكی موزیكن و هه‌ندێكی تریان سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی وه‌رزشن كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ پێی زانایانی بواری ده‌رونناسی ده‌رئانجامی خراپ له‌سه‌ر گه‌نجان جێده‌هێڵێت و هانیانده‌دات ده‌ستبكه‌ن به‌ جگه‌ره‌كێشان و له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگا.
هه‌رچه‌نده‌ فلیپ مۆریس له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا نكۆڵی له‌وه‌كرد كه‌ هه‌وڵیدابێت له‌ڕێگه‌ی ریكلامه‌كانیه‌وه‌ هانی هه‌رزه‌كاران بدات، به‌ڵام به‌پێی راپۆرته‌كانی ده‌رونناسه‌كان ده‌بێت له‌و جۆره‌ ریكلامانه‌ قه‌ده‌غه‌بكرێن.
به‌پێی راپۆرتێكی دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی جیهانی هه‌موو ۆژێك 80 هه‌زار بۆ 100 هه‌زار كه‌س ئالوده‌ی جگه‌ره‌كێشان ده‌بن له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا.