ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی گرنگی بە كەرتی بانكی دەدات

بۆزیاتر بەرەو پێشبردنی كەرتی بانكی لە شاری سلێمانیدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەوڵدەدات بانكی ڕەشید لقی خۆی لە سلێمانی بكاتەوە.
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: بەدەستپێشخەری ژورەكەمان بانكی ڕەشید بڕیاریداوە لقی خۆی لەسلێمانی بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا پێویستە شاری سلێمانی سیستمێكی پێشكەوتوی بانكی تێدابێت و بازرگانان و هاووڵاتیان سود لە سیستمی نوێی بانكی وەرگرن كە بانكی ڕەشیدیش یەكێكە لە بانكە پێشكەوتوەكانی عێراق و دەتوانێت سیستمێكی نوێ‌ دابنێت.
لای خۆشیەوە كاظم محمد ئاشور بەڕێوەبەری گشتی بانكی ڕەشید ڕایگەیاند:” ئێمە دەمانەوێت لقی بانكەكەمان لەشاری سلێمانی بكەینەوە كاربكەین بۆ پێشخستنی كاری بانكی لە شارەكەدا”.
” لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی دۆزینەوەی شوێنێكی گونجاوین بۆ كاركردنی لقی بانكەكەمان كە بتوانین بەشێوەیەكی پێشكەوتوو لە شاری سلێمانی دەست بە كاربكەین كە بەم نزیكانە دەكرێتەوە”. 
بانكی ڕەشید لە عێراقدا لە ساڵی 1988 دامەزراوە كە 165 لقی هەیە و 52 لق و 21 ئۆفیسی لە بەغدادە و 84 لق و 6 ئۆفیسی لە دەرەوەی بەغدايە و بەنیازە لە شاری سلێمانیش لقی خۆی بكاتەوە.