ئەو كۆمپانیایانەی كە خۆراكی لە كیس نراو دێننە كوردستانەوە كێشیان لە ئاست پێوەرەكانی جیهانیدا نیە و ئەوەی زەرەرمەند دەبێت تەنها هاووڵاتیانن.
لە لێدوانێكدا بۆ سایتی ژوری بازرگانی سۆران غەفور ڕایگەیاند “ئێمە هەستمان بەو كێشەیە كردووە وە لە ئێستادا لیژنەیەكی تایبەتمان پێك هێناوە لەگەڵ ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئاسایشی خۆراك بۆ بەدواچونی ئەو كێشەیە كە لە كێشی برنج و نۆك و نیسك و فاسۆلیا و ئەو شتانەدا هەیە كە كێشی هەمویان كەمترە لە كێشی ستانداردی جیهانی”.
وتیشی” هاووڵاتیان سكاڵایان تۆمار كردووە لەسەر ئەو كۆمپانیایانەى لەكاتی كڕینی ئەو خۆراكانەدا كێشی تەواو نادەن بەهاووڵاتیان موادەكان كێشیان لە 200 غرام و زیاتر كەمكراوەتەوە لە كێشەكەی خۆی كەئەمەش زیان بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت”
لە ئێستادا هاووڵاتیان گەر برنج یان خۆراكەكانی دیكە بكڕن كە كێشیان یەك كیلۆبیت ئەوا 900 غرام دەدردەچێت.
سۆران غەفور جەختیكردەوە” ئێمە ئەو كۆمپانیایانەمان ئاگادار كردۆتەوە و ماوەیەكمان بۆداناون تا كێشی خۆراكەكانیان چاك بكەن ئەگەرنا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و ڕوبەڕوی یاسا دەكرێنەوە و دەبێت بازرگانان بە كێشى خۆی خۆراكەكان بێننە كوردستان و بيفرۆشن”