ماددەی گەچ وەك مادەی خامی بیناسازیو سپیكاری لەموسڵ، سەرەڕای پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو زانست، بەڵام هێشتا بەڕێگەی زۆر كلاسیكی لەكانییە گەچەكانی قەراخی جادەكاندا بەرهەم دەهێنرێ.
گەچ كە لەبواری بەرهەمهێنانی ئاسن، پۆڵا، شووشە، كاغەز، سوودوەرگرتن لەزبڵو پاشماوەكانو هەروەها لەكەرتی بیناسازیدا بۆتە یەكێك لەمادە سەرەكییەكان، دوای زەحمەتێكی زۆر دەكەوێتە بەردەستی بەكارهێنەرانی.
گەچ لەوڵاتە پێشكەوتووەكانداو لەسایەی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیادا بەبێ ئەوە دەست تێیادا ماندوو ببێ، بەرهەم دەهێنرێ، بەڵام لەشاری موسڵ بەپێچەوانەوە گەچ دوای ماندووبوونێكی زۆری دەستی بەرهەمهێنەرانی، دەكەوێتە بازاڕەوە. لەناوچەی شاكۆڵی كە ١٥ كیلۆمەتر لەموسڵ دوورەو لەسەر رێگای هەولێرە، ئەو كرێكارانەی لەسەر جادە كۆبوونەوە بەرەبەیانی زوو بەرەو كانییەكانی بەرهەم هێنانی گەچ دەچن.
بەرهەمهێنانی گەچ
ئەو شوێنانەی كە پێشتر دەستنیشان كراون، لەڕێگای بەكارهێنانی نەوتو تەقەمەنییەوە دەتەقێنرێنەوە، دواتر بەشۆڤەڵ پارچەكان دەردەخەنو بەمەتقاب ورد دەكرێن، دواتر سواری بارهەڵگرەكانی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر دەكرێو روانەی بازاڕ دەكرێ.
ئەو وردە بەردانەی گەچ كە بەهەوڵو ماندووبوونی كرێكارەكان لەدەوروبەری كانییە گەچەكەدا كۆكراونەتەوە، بەشێوەیەكی زۆر تایبەتی لەسەر یەكتر كۆدەكرێنەوەو لەهەر كۆمەڵە بەردێكدا بەلانی كەمەوە ١٢٠ تۆن بەردی گەچ هەیە. بۆئەوەی هەوا لەو بەردانە نەدا، درزی بەردەكان بەتۆزی گەچ دادەخرێ. دواتر كرێكارێك كە لەڕێگایەكی زۆر بەرتەسكەوە دەچێتە نێو تەنوورەكەوە بۆ كردنەوەی ئاگر ئامادەكاری پێویست دەكا. ئەو نەوتەی لەڕێگەی تانكەرەكانەوە هێنراوەتە لای كۆمەڵە بەردەكان، لەناو تەنوورەكەدا ئاگری تێبەردەدرێو دوای ٢٦ سەعات ئاگر تێبەردان، بەردە گەچەكان دەتوێنەوەو لەلایەن گروپێكی ٢٥ كەسییەوە دەخرێنە نێو دەزگای ورد كردنەوە، ئەو بەردانە كە لێرەدا دەكرێنە تۆز وەكو گەچی ئامادە بۆ بەكارهێنان كۆدەكرێتەوە.
فرۆشتنی گەچ هەر وەكو بەرهەم هێنانی بەڕێگەی كلاسیكییە، ئەو گەچەی كە هەڵگیراوە بەبێ میزان كردن یا پێوانی لەبارهەڵگرەكان بار دەكرێو دەفرۆشرێ.
15 كانە گەچ
ئەمیر خەلیل یەك لەو كرێكارانەیە كە سەرقاڵی بەرهەم هێنانی گەچە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی:»من لەباوكمەوە فێری ئەو كارە بووم، ٤٠ ساڵە ئەم كارە دەكەم، لەناوچەكەماندا بەردی گەچ یەكجار زۆرە، بۆیە پیشەی بەرهەم هێنانی گەچ لەباوكەوە بۆ كۆڕ دەمێنێتەوە».
ئەمیر خەلیل لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت:»لەو رۆژەوەی فێری ئەو كارە بووم، تائەمڕۆ بێجگە لەگواستنەوەی گەچ، لەهیچ پڕۆسەیەكی دیكەی بەرهەم هێنانیدا دەزگای جیاجیا بەكار ناهێنینو ساڵانێكی درێژە لەناوچەكەماندا گەچ تەنیاو تەنیا بەهێزی دەستی مرۆڤ بەرهەم دەهێنرێ».
ئەو بەو جۆرە درێژەی بەقسەكانیداو وتی:»لەناوچەكەدا نزیكەی ١٥ كانی گەچ هەیە، هۆی ئەوەی كە ئێمە ئەو كارە دەكەین ئەوەیە بەردی گەچ لەناوچەكەماندا زۆرە».
دەستی كاریان كەمە
خەلیل جەختی لەوە كردەوە، دوای كۆڵینی زەوی دەگەنە بەردە گەچییەكان، بەڵام هەر بەردێك كەڵكی ئەوەی نییە بكرێتە گەچ، دوای دۆزینەوە بەردە گەچییەكان پڕۆسەیەكی دوورو درێژو پڕ لەزەحمەتی دەست پێ دەكا، لەیەك تۆن بەردی گەچ نزیكەی ٦٠٠ كلیۆ گەچ بەرهەم دەهێنرێ، ئەو بەردانەی لەژێر زەوییدا دەردەخرێن زۆر قورسن، بەڵام دوای ئاگر تێبەردانیان وشك دەبنەوە، بۆیە تۆزێك سووكتر دەبن.
خەلیل ئاماژەی بەوە كرد، لەگەڵ پێشكەوتنی كەرتی بیناسازی لەهەولێرو پەیداكردنی كرێكار، دەرهێنانی گەچ زەحمەت بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دامەزراندن لەناوچەكەماندا پێشتر دەمانتوانی كرێكار بدۆزینەوە، لەگەڵ پێشكەوتنی كەرتی بیناسازی لەهەولێر كرێكارەكانیش حەزیان لەدابینكردنی پارەی زیاترە، بۆیە بەپارەیەكی كەم لەكانییەكانی دەرهێنانی گەچدا كار ناكەن.
كوردستانی نوێ