سلێمانی .. كرێكارێك گیانی له‌ده‌ستدا

كرێكارێكی ته‌مه‌ن 23ساڵ به‌هۆی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی له‌ نهۆمی سێیه‌می پڕۆژه‌ی شاری دایك له‌سه‌ر شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌ و گیان له‌ده‌ست ئه‌دات.
 
عوسمان حمه‌ سه‌عید سه‌رۆكی سه‌ندیكای كرێكارانی بیناسازی له‌ سلێمانی له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌خه‌ندان رایگه‌یاند: ماوه‌ی دوومانگه‌ ئه‌م كرێكاره‌ له‌ پرۆژه‌ی شاری دایك كارده‌كات ناوی (عه‌بدوالرحمن یه‌ڵدا)یه‌ و ته‌مه‌نی 23ساڵه‌ وخه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ باكووره‌ و له‌ نهۆمی سێیه‌می پڕۆژه‌ی شاری دایك كه‌وتۆته‌ خواره‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.
 
وتیشی:” به‌گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌م كرێكاره‌شه‌وه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا بوو به‌ سێ كرێكار، دووكرێكاریش له‌ 23ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ یه‌كێك له‌ كابینه‌ گه‌شتیارییه‌كانی قه‌زای دوكان به‌هۆی گڕگرتنی غازه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌”.
 
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند:” له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌دا 11كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 13كرێكاریش برینداربوون”
 
له‌ساڵی 2012 دووكرێكاری به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بی دانیشتووی خواروی عێراق به‌هۆی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌یان له‌یه‌كێك له‌ به‌رزاییه‌كانی پڕۆژه‌ی شاری دایك گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ قه‌ره‌بووی خێزانه‌كانیان كراوه‌ته‌وه‌ و كه‌یسه‌ی ئه‌و دووكرێكاره‌ش تائێستا له‌ دادگای كار ماوه‌ته‌وه‌.