بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی، لەبەرامبەر بەرێوەچوونی ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆز بەشێوەیەكی سەركەوتوو ئارام، سوپاسنامەیەك ئاراستەی فەرمانگە حكومییەكان و هێزە ئەمنییەكان و یەكە ئیدارییەكان دەكات.
دەق:
بەناوی خودای گەورە
هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ ی پارێزگای سلێمانی
فەرمانگەكانی تەندروستی ، گەشت و گوزار، شارەوانی ، رۆشنبیری…
فەرمانگەو یەكە ئیدارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی…
بەناوی خۆم وپارێزگای سلێمانییەوە، سوپاس و پێزانینی خۆمتان پێ رادەگەیەنم بۆ ئەو ئەرك و ماندووبوونەی كێشتان بۆ سەرخستنی ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی.
لە ئاهەنگەكانی ئەمساڵی نەورۆزدا جگەلە بەشداری ژمارەیەكی ئیجگار زۆری هاووڵاتیانی خۆمان زیاتر لە 60 هەزار گەشتیاریش روویان لە پارێزگاكەمان كرد و بەشداری ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆز بوون، بەڵام خۆشبەختانە، لە سایەی ماندووبوون و پلانە تۆكمەكانی هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاوكاری هاووڵاتیان، ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆز بەو پەڕی سەركەوتووی و بێ هیچ رووداوێكی نەخوازراو بەرێوەچوو، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ هەمووان و هانمان دەدات پشتوان بە ئێوە بیر لە پرۆژەو ڤیستیڤاڵی گەورەتر و رازاوەتر بكەینەوە بۆ ساڵانی داهاتوو.
ماندووبوون و خۆ بێبەریكردن لە خۆشییەكانی نەورۆز بۆ ئاسودەی هاووڵاتیان و بەرێوەچوونی ئاهەنگەكان بە باشترین شێوە نیشانەی لە خۆ بردووی و نیشتیمان پەروەری ئێوەی بەرێزە و جێگەی سوپاس و پێزانینی زۆرە.
بۆیە دووبارە سوپاس و دەست خۆشیتان لێدەكەم و دەستی ماندووتان دەگوشم و هیوای لەش ساغی و تەندوستی باشتان بۆ دەخوازم بۆ خزمەتكردنی زیاتری وڵاتەكەمان بەهیوای لە خۆبردووی ئێوە بێتە سەرمەشق بۆ هەموومان.
بەهرۆز محەمەد ساڵح
پارێزگاری سلێمانی