بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان، شاری سلێمانی و شاری ڤارنا سێیەم گەورە شاری بولگاریا، رێكەوتننامەیەكی لێكگەیشتنیان واژۆ كرد.
لە مەراسیمێكدا بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و (پەیچۆ پەیچڤ) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانی شاری ڤارنای بولگاریا، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرێوەبەرە گشتیەكانی سلێمانی و سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی سلێمانی و وەفدێكی شاری ڤارنا، هەردوو شاری سلێمانی و شاری ڤارنای بولگاریا رێكەوتننامەیەكی لێكگەیشتنیان واژۆ كرد.
بەپێی رێكەوتننامە لێكگەیشتنەكە، هەردوو شار كار دەكەن بۆ هاندان و قوڵكردنەوەی هاوكاری سودبەخش هاوبەشی نێوانیان بە پێی یاسا و رێنمایەكانی هەردوو لا و لە چواچێوەی دەسەڵات و توانا دارایی و تەكنییەكانیاندا.
بەپێی رێكەوتنامەكە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەردوو شاری سلێمانی و ڤارنا ئاڵوگۆڕی پەیوەندی دەكەن لەبوارەكانی بونیاتنان و پەیوەندی بازرگانی و گەشتوگوزار و خوێندنی باڵاو تەكنۆلۆجیا و رۆشنبیری و كلتور و چاودێری تەندروستی و چالاكی كۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی كادری ئەندازیاری .
لە وتیەكیشدا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانی ڤارنا، ئەو رێكەوننامەی لێكگەیشتنەی بەسەرەتای پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بولگاریا لە قەڵەم دا.
جێگەی باسە ڤارنا، سێیەم گەورە شاری بولگایایەو پایتەختی هاوینەی ئەو وڵاتەیەو دەكەوێتە سەر كەنارەكانی دەریای رەش و ناوبانگێكی جیهانی هەیە لە بواری گەشتیاریدا .