پێنج دەروازەی سنوری نوێ دەکرێنەوە

بڕیارە ٥ دەروازەی سنووری نوێ لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیادا بکرێتەوە. ئەحمەد داود ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی ھەرێمی کوردستان کە سەرلەبەیانی دوێنێ‌ بەسەردانێک گەیشتنە شاری وانی باکووری کوردستان رایگەیاند: بەھای ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا ١٢ ملیار دۆلاری تێپەراندووەو روونیشیکردەوە کە رێژەی ٧٠%ی ئەو ئاڵوگۆڕە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندایە.
ئەوەشیخستەڕوو کە، لە داھاتویەکی نزیکدا ٥ دەروازەی سنووری بۆ مەبەستی مرۆیی لە نێوان ھەرێم و تورکیا دەکرێتەوەو ھەوڵیش دەدرێت بازرگانی لەرێی دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیلەوە فراوانتر بکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ھیواشی خواست ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق بەزوویی بگەنە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکانی نێوانیان.
لایخۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەبایەخەوە باسی لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کردو سەبارەت بەکێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداش ئەوەی دووپاتکردەوە کە ئامادەن ئەو کێشانە لەرێی دیالۆگەوە چارەسەر بکەن. جەختیشیکردەوە لەسەر دەستووریی بوونی ئەو سیاسەتەی کە ھەرێمی کوردستان لە بواری وزەو نەوتدا پەیڕەوی دەکات.
بڕیارە وەفدی ھەرێمی کوردستان لە ئەنقەرەش لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک وەزیرانی تورکیادا کۆببێتەوە.