سەرۆكی ژوری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی بۆ ئێن ئار تی : كێشەی دارایی هەمومانی گرتۆتەوە

لەمیانەی میوانداریكردنی لە بەرنامەی “دیوی دوەمی هەواڵ” لە كەناڵی ئێن ئارتی كە كاتژمێر 7:00 ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێشكەشكرا، سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی باسی لەوقەیرانە داراییانە كرد كە لە ئێستادا بانكەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و پێشیوابو  كە بەشێكی ئەو قەیرانانە بەهۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتەوە دروستبون  راشیگەیاند:30% بازارەكانی هەرێم وكاری بازرگانان و پیشەسازانی پەكخستوە

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا وتیشی:ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێم تا ئەوكاتەی قەیرانەكە تێدەپەڕێنێت “هاوكاریەكەشمان وەك وەڵامێكە بۆ حكومەتی بەغدا” .
 لەبارەی شێوازی قەرزەكەشەوە وتی ئەو قەرزە بۆماوەی 30 رۆژ دراوەبە حكومەت و بە بێ‌ هیچ سودوزیادەیەك هەروەها هەندێك لە بازرگانانیش پارەی رسوماتی ئەوكاڵایانەی هاوردەی دەكەن لەوقەرزەی دادەشكێنن كەداویانە بە حكومەت.
پێشیوابو كە “حكومەتی هەرێم دەتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت” .
 
هاوكات رەخنەی لەحكومەتی هەرێم گرت و وتی لەدوای ساڵی  2005 وە حكومەتی هەرێم بایەخ بە بازرگانان و پیشەسازان نادات رونیشیكردەوە كە پێویستە حكومەت بەرنامە دابنێت و پارە بۆ ئەو بەڵێندەرانە دابین بكات كە شایستەن.
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاشكراشی كرد: ئەوان وەك بازرگانان بەرنامەیان هەیە بۆ رزگاركردنی حكومەتی هەرێم لەو قەیرانە ئابوریەی تێیكەوتوە بە بۆچونی ئەو دەبێت حكومەت بەرنامەی هەبێت بۆ ئەو خەرجیە زیادانەی كە بەفیرۆ دەروات.
باسی لەوەشكرد كەرتی تایبەت كاریگەری هەبوە لەسەر ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و ” بازرگانمان هەیە دەتوانێت موچەی وەزارەتی ناخۆ دابین بكات” .
لە بارەی كاريگەریەكانیشیەوە وتی هیچ بازرگانێك بەو هۆیەوە مایە پوچ نەبوە و سەرمایەداری نێودەوڵەتیشمان هەیە لە شاری سلێمانیدا.
 
لەبارەی كەرتی بانكیشەوە وتی بانكەكان وەك پێویست كار ناكەن بەڵام بە گشتی بانكە حكومیەكان كێشەیان نیە،ئەوترسەى ئێستاش هاوڵاتیانی گرتۆتەوە نەمانی پارەیە لە بانكەكاندا .
 
لە بارەی كردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتیەكان لەلایەن ژوری بازرگانی و پیشەسازى سلێمانیەوە سیروان محەمەد وتی : پێشانگاكانمان بۆ هەموعێراقە نەك بە تەنها هەرێمی كوردستان وتیشی پێشانگاكان توانیویانە سودیان هەبێت بۆ كەرتی بازرگانی و پیشەسازی .
هەر لەمیانی چاوپێكەوتنەكەیدا  سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتیشی:” ئێمە زیاتر بایەخ بە كەرتی پیشەسازی دەدەین  چونكە دەبێتە هۆی زیادبونی بەرهەمی خۆماڵی و هەلی كار لە هەرێمدا،3600دۆنم زەوى بۆبواری پیشەسازی دابینكراوە و لە ئێستادا ئامادەیە بۆ كاركردن ئاشكراشی كرد كە لە 2013دا 5ملیار دۆلار داهاتی كەرتی پیشەسازی بوە و سلێمانی یەكەمین شارە لەپیشەسازیدا”.