موچه‌ی‌ سه‌گێك له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وزی‌ به‌غدا پێنج هه‌زار دۆلاره‌

رۆژێكیان له‌پاسه‌وانێكم پرسی‌ موچه‌ی‌ ئه‌م سه‌گه‌ چه‌نده‌؟ وتی‌ پێنج هه‌زار دۆلار، وتم ئه‌ی‌ موچه‌ی‌ خۆت چه‌نده‌: كابرا مۆڕه‌یه‌كی لێكردم‌و وتی‌ هه‌زار دۆلار. ئه‌مه‌ به‌سه‌رهاتی‌ پارله‌مانتارێكی‌ كورده‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و پۆلیسانه‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز پارله‌مانتاران‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ناوچه‌یه‌دا گوزه‌ر ده‌كه‌ن به‌سه‌گه‌كه‌ی‌ ده‌پشكنێ‌.
له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ له‌ساڵی‌ (2003)، ناوچه‌ی‌ سه‌وز بوه‌ته‌ گرنگترین ناوچه‌ی‌ عێراق، چونكه‌ باره‌گای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمارو پارله‌مان‌و حكومه‌ت‌و ماڵی‌ زۆربه‌ی‌ وه‌زیرو پارله‌مانتارو به‌رپرسه‌كانی لێیه‌. ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌و به‌رپرسانه‌ش به‌مه‌به‌ستی‌ چاودێریكردن‌و خۆپاراستن سه‌گی‌ پۆلیسی‌ به‌كارده‌هێنن.
له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عسدا به‌خێوكردنی‌ سه‌گی‌ پۆلیسی‌ ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كاندا بو، له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌وه‌ هاورده‌كردنی‌ سه‌گ ده‌ستی‌ پێكردو كۆلێژی‌ پۆلیس ئه‌ركی‌ راهێنان‌و په‌روه‌رده‌كردنی‌ له‌ئه‌ستۆ بو. به‌ڵام له‌ئێستادا له‌ماڵی‌ زۆرێك له‌به‌رپرساندا هه‌یه‌.
سه‌گ‌و ته‌قه‌مه‌نی‌
پۆلیسێك كه‌ له‌بازگه‌یه‌كی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز به‌و سه‌گه‌ پۆلیسیه‌ی‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ بو سه‌رقاڵی‌ پشكنینی‌ ئۆتۆمبێله‌كان‌و جانتای‌ سه‌رنشینه‌كانی‌ بو، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی‌ ئینگلیزی‌ به‌سه‌گه‌كه‌ وت، وتی‌ “متمانه‌یه‌كی‌ زۆر به‌م سه‌گانه‌ ده‌كه‌ین‌و له‌ئامێری‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌ زیاتر متمانه‌یان پێده‌كه‌ین”.
سه‌گی‌ ئه‌مریكیه‌كان
به‌وته‌ی‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدولقادر كه‌ خاوه‌نی‌ مه‌شته‌لێكه‌ له‌شاری‌ به‌غدا، له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌ حكومیه‌كان‌و كه‌سایه‌تیه‌ فه‌رمیه‌كان‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان‌و كۆمپانیا بیانیه‌كان‌و دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزه‌وه‌ داواكارییه‌كی‌ زۆر له‌سه‌ر سه‌گی‌ پۆلیسی‌ هه‌یه‌.
ناوبراو، باس له‌وه‌ده‌كات دوای‌ هاتنی‌ ئه‌مریكیه‌كان بۆ عێراق له‌ساڵی‌ (2003)، چه‌ندین جۆری‌ سه‌گی‌ پۆلیسی‌ ده‌ركه‌وتون، به‌تایبه‌تی‌ له‌و كاتانه‌دا كه‌ سه‌گێك فه‌رمانه‌كانی‌ به‌جێنه‌ده‌هێنا، ئه‌وا له‌لایه‌ن ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ ده‌یاندا به‌وه‌رگێڕه‌كان یان به‌سیاسیه‌كان به‌تایبه‌تی‌ پارله‌مانتاران. ئه‌وه‌ش هانی‌ به‌رپرسانی‌ داوه‌ هه‌وڵی‌ په‌یداكردنی‌ سه‌گی‌ پۆلیسی‌ بده‌ن‌و بۆ پاسه‌وانی‌ خۆیان‌و ماڵه‌كانیان به‌كاریبهێنن.
به‌سه‌رهاتی‌ د.مه‌حمود عوسمان
پارله‌مانتاری‌ عێراق ئوسامه‌ جه‌میل، باس له‌وه‌ده‌كات جارێكیان سیاسه‌تمه‌داری كورد د. مه‌حمود عوسمان ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی‌ خۆی‌ بۆ گێڕاوه‌ته‌وه‌: ساڵی (2004) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حوكم بوم، رۆژێكیان ده‌چووم بۆ ده‌وام له‌ناوچه‌ی سه‌وز، ئه‌وكاته‌ ئه‌مریكیه‌كان ناوچه‌ی سه‌وزیان ده‌پاراست‌و سه‌رپه‌رشتیان ده‌كرد، گه‌یشتنه‌ بازگه‌و دایانگرتین بۆ پشكنین، چه‌ند سه‌ربازێكی عێراقی ئێمه‌یان پشكنی، پاشان وتیان بوه‌ستن با سه‌گیش بێ بۆنتان بكا، وتمان بابه‌ ئێمه‌ ئه‌ندامی مه‌جلیسی حوكمین، وتیان: ناخواو ئه‌مه‌ ئه‌مره‌.. كه‌ زانیمان بێسووده‌ وتمان: ده‌ باشه‌ بیهێنن، وتیان: جارێ چاوه‌ڕێكه‌ن، وتمان: بۆ؟ وتیان: ئاخر سه‌گه‌كه‌ خه‌وتووه‌، وتمان: ئێ خه‌به‌ری بكه‌نه‌وه‌.. وتیان مه‌منوعه‌، یا ئه‌بێ خۆی له‌خه‌و هه‌ستێ یا ئه‌بێ سه‌ربازه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ له‌خه‌وی هه‌ستێنێ، وتمان: ده‌ی به‌ ئه‌مریكیه‌ بڵێن با بێ هه‌ڵیسێنێ. وتیان: ئاخر ئه‌ویش لێره‌ نیه‌و هیچ چاره‌ نیه‌و ده‌بێ چاوه‌ڕێكه‌ن.. ئیتر به‌ناچاری ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕێمان كرد تا سه‌گه‌ فه‌نی به‌ لوتفی خۆی له‌خه‌و هه‌ستاو هات بۆنی كردین، كه‌ دڵنیابوو هیچمان پێنیه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ شوێنی خۆی‌و ئێمه‌یان ئیزندا!
سه‌گی‌ ئۆكرانی‌‌و ئه‌ڵمانی‌
ئه‌بو ئه‌حمه‌د برای‌ پارله‌مانتارێكه‌و له‌لایه‌ن براكه‌یه‌وه‌ راسپێردراوه‌ بۆ ده‌ستخستنی‌ نوێترین جۆری‌ سه‌گی‌ پۆلیسی‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی‌ ئۆكرانی‌ له‌مامه‌ڵه‌دایه‌ بۆ هاورده‌كردنی‌ سه‌گ له‌ڕێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غداوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ راهێنانی‌، كه‌ به‌وته‌ی‌ خۆی‌ تێچوی‌ هه‌ر یه‌كێكیان سه‌دان دۆلاره‌. 
ناوبراو، باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌و سه‌گانه‌ی‌ ده‌یانهێنن هه‌مو به‌ڵگه‌یه‌كی‌ پێویستیان له‌گه‌ڵه‌‌و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ راهێنانیان پێده‌كه‌ن ده‌یفرۆشنه‌وه‌ به‌به‌رپرسانی‌ دیكه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاند له‌ئێستادا چه‌ندین هاوڕێی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن‌و له‌ئه‌ڵمانیاو ئه‌وروپاوه‌ سه‌گ ده‌هێنن، كه‌ نرخی‌ هه‌ندێكیان ده‌گاته‌ چوار هه‌زار دۆلار. وتیشی‌ “ئه‌و سه‌گانه‌ به‌رده‌وام پاك ده‌كرێنه‌وه‌و له‌ڕوی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ چاودێری‌ ده‌كرێن‌و خواردنی‌ تایبه‌تیان پێده‌درێ‌، به‌شامپۆی‌ تایبه‌تیش ده‌شۆردرێن”.
موچه‌كه‌یان په‌نجا گه‌ڵایه‌
پارله‌مانتاری‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ ئوسامه‌ جه‌میل، باس له‌وه‌ده‌كات له‌ساڵی‌ (2010)‌و به‌ر له‌كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا، سه‌گێكیان هێناوه‌ بۆ بۆنكردنیان، ئه‌ویش له‌پاسه‌وانه‌كه‌ی‌ پرسیوه‌ موچه‌ی ئه‌م سه‌گه‌ چه‌نده‌؟ وتی 5000 هه‌زار دۆلار (50 گه‌ڵا) بزه‌یه‌كم كردو وتم: ئه‌ی موچه‌ی تۆ چه‌نده‌؟ كابرا مۆڕه‌یه‌ كی لێكردم‌و وتی: ده‌ گه‌ڵا!
ناوبراو، دوای‌ بیستنی‌ ئه‌و هه‌واله‌ده‌ڵێت “له‌دڵی خۆم وتم: باش نه‌بوو موچه‌ی ئه‌م سه‌گه‌ له‌هی په‌رله‌مانتاره‌كان زیاتر نه‌بوو، ئه‌گینا بۆ هاوتاكردنی موچه‌ی په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌گه‌، پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مان ده‌كرا”.
جاك‌و ئۆباما
قاسم حه‌سه‌ن هاوسێی‌ ماڵی‌ به‌رپرسێكه‌و له‌گه‌ڕه‌كی‌ به‌غداو دو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوڕێیه‌كی‌ سه‌گێكی‌ به‌دیاری‌ پێداوه‌‌و ئه‌میش ناوی‌ ناوه‌ جاك، له‌ئێستاشدا بۆ شه‌ڕه‌ سه‌گ به‌كاریده‌هێنێت. وه‌كو خۆی‌ ده‌ڵێت “له‌كاتی‌ شه‌ڕدا زۆر دڕه‌”، پاشان به‌پێكه‌نینه‌وه‌ وتی‌ “زیاتر له‌وه‌ی‌ بۆ خۆمی‌ خه‌رج ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وی‌ خه‌رجده‌كه‌م‌و وه‌كو ئه‌ندامێكی‌ خێزانه‌كه‌مان مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م”.
به‌وته‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئاره‌زوی‌ شه‌ڕه‌ سه‌گ ده‌كه‌ن، ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕانه‌ به‌زۆری‌ له‌وه‌رزی‌ زستان‌و له‌كۆڵانه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كاندا ده‌كرێت.
به‌رپرسێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ مافی‌ مرۆڤ كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز ده‌ژێت، وتی‌ “سه‌گه‌كه‌م ناو ناوه‌ ئۆباما، چونكه‌ زۆر فێڵبازه‌و جموجۆڵه‌كانی‌ له‌جموجۆڵه‌كانی‌ ئۆباما ده‌چێت”.
ته‌قینه‌وه‌و په‌لاماردان
سه‌گه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز له‌ته‌قینه‌وه‌كان به‌ده‌رنه‌بون. چونكه‌ وه‌كو خاتونی‌ پارله‌مانتار (ح. ن) ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كات، سه‌گێكی‌ هه‌بوه‌و به‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كه‌وتوه‌و له‌دوای‌ خۆی‌ سێ‌ به‌چكه‌ی‌ به‌جهێشتوه‌. ئه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت زۆر پشت به‌سه‌گه‌كانیان ده‌به‌ستن، چونكه‌ “كاتێك كه‌سێكی‌ نامۆ ده‌بینێ‌ به‌توندی‌ ده‌وه‌ڕێ‌‌و خۆی‌ بۆ په‌لاماردانی‌ ئاماده‌ ده‌كات‌و ماڵه‌كه‌مان ده‌پارێزێ‌، بۆیه‌ ناتوانم ده‌سبه‌رداری‌ بم”.
ره‌نگه‌ زۆر كه‌س ئیره‌یی‌ به‌ژیانی‌ پارله‌مانتاران به‌رێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌و 
موچه‌و ئیمتیازاته‌ زۆرانه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌. به‌ڵام هاوسه‌ری‌ پارله‌مانتارێك هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات زۆر له‌ژیانی‌ خۆی‌‌و ئه‌و هه‌مو پاسه‌وانی‌‌و ره‌وشه‌ ئه‌منیه‌ بێزاره‌‌و ئاواته‌ خوازه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژیانه‌ ساده‌كه‌ی‌ پێشوی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ ئه‌عزه‌میه‌. هه‌روه‌ك ده‌ڵێت “ئێمه‌ رۆژی‌ هه‌زار جار ده‌مرین، سه‌گه‌كه‌شمان ده‌ترسێ‌‌و وه‌كو ئێمه‌ ده‌مرێ‌، بۆیه‌ ده‌یبینی‌ به‌بونی‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا خۆشحاڵ نیه‌”.
 
 ئاوێنه‌