ئێران.. نرخی كاڵاكان دوو هێندە گران دەبێت

بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوو بەراورد بە هەمان مانگ لە دوو ساڵ پێشتر ٣٦.٧% زیادی کردووە.
ئاشکراکردنی ئەم رێژەیە لە هەڵاوسان لەکاتێک دایە کە سەرەتای پاییزی ئەمساڵ رێژەکە گەیشتبووە زیاتر لە ٤٢% کە بە باڵاترین رێژەی هەڵاوسان لە ساڵانی رابردوو دادەنرێت.
راپۆرتەکەی بانکی ناوەندیی ئێران دەریدەخات کە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوو بەراورد بە سێ مانگ پێشتر دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
بەگشتی ئامارەکان دەریدەخات کە نرخی شتومەک بەراورد بە دوو سالی رابردوو نزیک بە دوو هێندە گرانتر بوە.
زۆرترین رێژەی گرانبوون لە کەرتەکانی تەندروستی، جلوبەرگ، شوێنە گەشتیارییەکان، خۆراک و پێداویستی ناو ماڵ رووی داوە.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان زیاتر لە سێ دەهەیە بەرۆکی ئێرانی گرتووە و لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی گەمارۆی وڵاتانی رۆژئاوا ئەم رێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە.
لەگەڵ هاتنە سەرکاری حەسەن روحانی سەرکۆماری نوێی ئێران سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەندێک گۆڕانکاری بەسەر هاتووە و دوای رێککەوتنی جنێف کە لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک سەبارەت بە پرسی ئەتومی ئێران بەسترا بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران کەم کراونەتەوە.