كۆڕبەندی ساڵانەی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی دەستیپێكردو ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، كە باس لە كێشەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.
میوانەكانی كۆڕبەندەكە بریتین لە: نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرهەم ساڵح سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەحمەد داودئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق، فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، حاچم ئەلحەسەنی، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، عەلی ئەدیب، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان و زۆربەی سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
هاوکات لەم دیدارەی ئەمساڵدا سەرۆك و جێگری سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ژور تیایدا بەشداربون.
یەكەم وتاری كۆڕبەندەكە عەلی ئەدیب، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق پێشكەشی كردو تیشكی خستە سەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداو گوتی “دەبێ هەوڵ بۆ سنوورداركردنی كێشەكان بدرێت”.
ئەدیب ئاماژەی بەوەكرد، كە كێشەكان بە یەكجار چارەسەر ناكرێن “بەڵام ناكرێت هەر لایەنێك مكوڕ بێت لەسەر داواكانی و بەمشێوەیە ناگەینە ئەنجام”.
وەزیری خوێندنی باڵای عێراق لەسەر پرسی بودجەی عێراق رایگەیاند، كە بودجەی عێراق بودجەیەكی گەورەیەو پێویستە هەموو لایەنێك لێی سوودمەندبن “بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو بودجە گەورەیەو ئەو داهاتە زۆرەی نەوت كێشەی دروستكردووە”.
كۆڕبەندەكە ئەمڕۆ تاوەكو كاژێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و زۆربەی میوانەكان وتاریان دەبێت.