پرۆژەی شاری جوان لەشاری سلێمانی كرایەوە

لەیەكێك بەرزاییەكانی شاری سلێمانی پرۆژەی شاری جوانی گەشتیاری كرایەوە كە ئەم پرۆژەیە خۆی دەبینێتەوە لە هۆتێلێكی پێنج ئەستێرە خاوەنی پرۆژەكەش ڕایدەگەیەنێت كه‌ مه‌به‌ستی‌ له‌ كردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ شاری‌ جوان بازرگانی‌ نه‌بووه‌، راشیگه‌یاند كه‌ دوو پرۆژه‌ی‌ تری‌ له‌به‌رنامه‌دایه‌ كه‌ یه‌كێكیان دروستكردنی‌ هێڵی‌ ئاسنه‌ له‌ نێوان شاری‌ سلێمانی‌ و كه‌ركوك
 
سەرەتای كردنەوەی پرۆژەكە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژماەیەك لە بەڕێوەبەری فەرمانگە حكومیەكان و سەرمایەداران و وەبەرهێنەران تیایدا ئامادەبووە بە تەقاندنی چەندین یاری ئاگرین دەستی پێكرد كە بەشێوازێكی جیهانی ئامادە كرابوو.
لە وتەیەكدا خاوەنی پرۆژەی جوانی گەشتیاری فاروق مەلا مستەفا ڕایگەیاند:” ئامانجی‌ من بازرگانی‌ نییه‌ له‌م پرۆژه‌یه‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ تێیچووه‌، ره‌نگه‌ به‌ ساڵانێكی‌ زۆر دوور و درێژ نه‌یه‌ته‌وه‌”.
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئۆتێلی‌ پێنج ئه‌ستێره‌ی‌ پێشكه‌وتوو و شوێنێكی‌ وا فراوان نه‌بووه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و سیمیناری‌ فراوانی‌ تێدا ئه‌نجام بدرێت و به‌م ئۆتێله‌ به‌شێك له‌ ئامانجه‌كانیان دێته‌دی‌.
 
لەوتەیكیشدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بڕوای وا بووە كە هەرێمی كوردستان بەبێ بەشداری كەرتی تایبەت ناتوانێت پەرە بسێنێت و گەشە بكات. كەرتی تایبەت داینەمۆی پێشكەوتنی هەر وڵاتێكە، هەر لەم ڕوانگەیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە یاسای وەبەرهێنانی دەركرد، یاسایەك كە بتوانێت وەبەرهێنەرانی بیانی و خۆماڵی هان بدات بۆ ئەوەی سەرمایەی خۆیان لە هەرێمی كوردستاندا وەگەڕ بخەن
سەرۆكی حكومەت ڕەخنەی لە نەبونی دەستی كار گرت لە ناو هەرێمی كوردستاندا و ئاماژەی بەوەدا زۆر بە داخەوە ئێمە ئێستا بۆ هەر پڕۆژەیەك ، ناچارین لە دەرەوە خەڵكیان بهێنین، ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەیە و ئێمە دەبێ ڕۆژێك بگەینە ئەو بڕوایه‌ و هەوڵی جددی بدەین بتوانین لە نێو هەرێمی كوردستاندا گرنگیی زیاتر بە قوتابخانەی پیشەیی بدەین ئەوانەی چاویان لەوەدایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ دایانبمەزرێنێت، پێموایە ئەمە سیاسەتێكی هەڵەیە و ڕاست نیە و هیچ وڵاتێكیش لە دونیا بەم شێوەیە ناتوانێت پێش بكەوێت. ئێستا ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تووشی ئەم كێشەیە بووین.
سیروان محمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشە سازی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەم ئۆتێلە شاری سلێمانی دەباتە پێشەوە بەوەی كە گەشتیاران و فەرمانگەكان سودی لێوەردەگرن لەبەرئەوەی بەشێوازێكی مۆدیرن و پێشكەوتوو كراوەتەوە.
سەرپەرشتیاری پرۆژەی شاری جوان وەرزێر سەروەر لەبارەی پرۆژەكەوە ڕایدەگەیەنێت ئەم پرۆژەیە لە 39 نهۆم و 256 ژور پێكهاتووە لەگەڵ جەندین جێگای گەشتیاری تێدایە كە لەشاری سلێمانیدا هەلی كار زیاتر دەكات و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەتوانن كاری لێبكەن بەپێی شارەزای خۆیان.
 
بەتەواوبونی ئەم پرۆژەیە شاری سلێمانی ئەبێتە خاوەنی یەكێك لە هۆتێلە نیودەوڵەتیەكان كە سەرجەم پێداویستیەكانی گەشتیاری لە خۆدەگرێت و كاریگەری دەبێت بۆ كەرتی گەشتیاری.