دوای شاری جوان كە ئەمشەو لە سلێمانی كرایەوە، فارووقی مەلا مستەفا دوو پرۆژەی دیكەی لەبەرنامەدان كە یەكێكیان دروستكردنی هێڵی ئاسنینی نێوان شاری سلێمانی و كەركووك-ەو ئەوی دیكەشیان دروستكردنی شارێكی گەشتیارییە لە دووكان.
فارووقی مەلا مستەفا، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گرووپی كۆمپانیاكانی فارووق لەبارەی پرۆژەی شاری جوان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، شاری سلێمانی ئۆتێلی پێنج ئەستێرەی پێشكەوتوو و شوێنێكی وا فراوانی نەبووه، كە كۆبوونەوە و سیمیناری فراوانی تێدا ئەنجامبدرێت.
ئەمشەو پرۆژەی شاری جوان لە سلێمانی كرایەوە، كە لەسەر پانتایی 248 هەزار مەتر زەوی چوارگۆشە دروستكراوە و 260 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
هوتێلەكە پێكهاتووە لە 39 نهۆم و 253 ژووری نووستنی بچووك و مامناوەند و گەورە و شاهانە، 4 بازاڕی گەورە و هۆڵی كۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕان و سینەما و 2 چێشتخانە، كە یەكێكیان دەكەوێتە كۆتایی هۆتێلەكەو لەماوەی یەك كاژێردا جارێك بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە لە خۆدەگرێت.
شاری جوان یەكەمین پرۆژەیە لە سلێمانی كە لەسەر نەخشەی تەواوەتی گراندی بەریتانی دروستكراوە و 5 ئەستێرەیە، 900 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و نرخی یەك شەو نووستن 210 هەزار دینارە، هەروەها لەلایەن فارووق هۆڵدینگ-ەوە بەڕێوەدەچێت.
فارووقی مەلا مستەفا ئاشكراشیكرد، كە دوای شاری جوان، دوو پرۆژەی دیكەی لە بەرنامەدان كە یەكێكیان دروستكردنی هێڵی ئاسنینی نێوان شاری سلێمانی و كەركووك-ەو ئەوی دیكەشیان دروستكردنی شارێكی گەشتیارییە لە دووكان.
گوتیشی، بە پڕۆژەی شاری جوانەوە زۆر ماندووبووم و رۆڵی مام جەلالیش لەو پرۆژەیەدا لەبیرناكەین.