واشنتن .. كۆبوونەوەی دەستپێكی ئەنجوومەنی عێراقی و ئەمریكی بۆ بازرگانی و ئابووری بەڕێوەدەچێت

بڕیارە كۆبوونەوەی دەستپێكی ئەنجوومەنی عێراقی و ئەمریكی بۆ بازرگانی و ئابووری لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە واشنتن بەڕێوەبچێ.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: “شاندێكی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی د.رۆژ نو‌وری شاوێس، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری و بە ئەندامێتی خەیروڵڵا حەسەن، وەزیری بازرگانی عێراق و سامی ئەعرەجی، سەرۆكی دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق بەرەو ئەمریكا بەڕێكەوت و سەردانەكە 4 رۆژ دەخایەنێ”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە “مەبەست لەو سەردانە بەشداریكردنە لە كۆبوونەوەی چوارەمی لیژنەی دانووستاندنی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریكاو بەستنی كۆنگرەی ئابووری عێراق”.
ئەم سەردانەی شاندی ئابووری عێراق بۆ ئەمریكا لە كاتێكدایە پسپۆڕان و چاودێران هۆشداریی دەدەن لە مەترسی مایەپوچبوونی عێراق بەهۆی كورتهێنانی بودجەی فیدراڵی ساڵانەی و پەسەندنەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 لە پەرلەمانی عێراق.