” بڕینی مووچە گەمارۆی ئابوورییە لەسەر هەرێم “

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت، نەناردنی مووچە و بودجەی خەڵكی هەرێمی كوردستان، واتای گەمارۆدانی ئابووری هەرێم دەگەیەنێت. 
عیماد ئەحمەد، بەرۆژنامەی كوردستانی نوێی راگەیاندووە، ئەگەر مالیكی لەسەر ئەو هەنگاوانەی بەردەوام بێت، ئەوا یەكپارچەیی خاكی عێراق پارێزراو نابێت.
وتیشی “حكومەتی ناوەندی بەرپرسە لە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، چونكە وەك لەبەیاننامەكەیدا هاتووە پێویستە 17% ی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عیراق ساڵانە بدرێت بە هەرێمی كوردستان، كە ئەمساڵ بەبیانووی رێكنەكەوتن سەبارەت بەپرسی نەوت، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگرتووە، كە خۆشی لە بەیاننامەكەدا دانی پێداناوە، مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی كوردستان لەو بودجەیە دابیندەكرێت كە لە بەغداوە دێت”.
 ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەنگاوەی مالیكی پێچەوانەی دەستوورو یاسایە، چونكە بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق مافێكی دەستوورییەو ناكرێ وەكو كارتێكی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان بەكاربهێنرێت.