پیشه‌سازی له‌هه‌رێم لاواز بوه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌شی پلان له‌وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی‌و بازرگانی هه‌رێم ئاشكرایكرد، دواكه‌وتنی موچه‌‌و ڕاگرتنی پێشینه‌كان كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر ڕه‌وشی پیشه‌سازی دروستكردوه‌، داواشده‌كات، له‌كه‌مترین كاتدا دابه‌شكردنی پێشینه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌.
(سرود ئه‌حمه‌د) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌شی پلان له‌وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی‌و بازرگانی هه‌رێم به‌ NNA ڕاگه‌یاند، دواكه‌وتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و ڕه‌وانه‌نه‌كردنی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ڕه‌وشی پیشه‌سازی دروستكردوه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ڕاگرتنی پێشینه‌كان كاریگه‌ری به‌رچاویان له‌سه‌ر لاوازبوونی پیشه‌سازی هه‌یه‌.
وتیشی:”به‌هۆی ڕه‌وانه‌نه‌كردنی بودجه‌وه‌، له‌ئێستادا دامه‌زراندنی كارگه‌ی تایبه‌ت به‌پیشه‌سازی ڕاگیراوه‌، چه‌ندین كه‌سیش له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی بودجه‌دان، بۆ ئه‌وه‌ی كارگه‌كانیان دروستبكه‌ن”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌شی پلان له‌وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی‌و بازرگانی هه‌رێم ڕونیكرده‌وه‌، پێویسته‌ له‌كه‌مترین كاتدا، پێدانی پێشینه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌و له‌وه‌ زیاتر دوانه‌كه‌وێت، چونكه‌ به‌تێپه‌ڕبونی كات، كاریگه‌ری زیاتر له‌سه‌ر پیشه‌سازی‌و كاركردنی كارگه‌كان دروستده‌كات.