تورکیا ساڵانە 12 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کوردستان دەکات

بۆپتەو کردنی ئەو پەیوەندیە بازرگانییانەی لە ئێستادا هەیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، سەفیری تورکیا لە عێراق سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا کە لە ژوری بازرگانی بەڕێوەچوو سیروان محەمەد لەگەڵ سەفیری تورکیا لە عێراق فاروق قایماقجی و قونسوڵی تورکیا لە هەولێر باسیان لە پەیوەندیە بازرگانیەکان و بەرەو پێشچونی ئەو کەرتە کرد.
سەرۆکی ژوری بازرگانی ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیا تورکیەکان توانیویانە لەشاری سلێمانی کاربکەن و چەندین کۆمپانیای تورکی هەیە کەبەردەوام بازرگانی دەکەن لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی و وەبەرهێنان بەردەوامە لەگەڵ کۆمپانیا تورکیەکان.
 
ئاماژەی بەوەشدا لە ئێستادا ووڵاتی ئێران زۆرترین کاری بازرگانی دەکات لە شاری سلێمانی بەهۆی هەبونی چەند دەروازەیەک بۆ ئاڵو گۆڕی شتومەک بەڵام بەهۆی نەبونی سنورێکی نزیک لە تورکیاوە نەتواندراوە ئەو گرنگی کارکردنە لەگەڵ تورکیادا هەبێت.
لای خۆشیەوە سەفیری تورکیا لە عێراق فاروق قایماقجی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئێمە کاردەکەین بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندیە بازرگانیەی کە هەیە تا لەڕێگەیەوە کاری باشتر ئەنجام بدرێت و هەوڵدەدەین هانی زیاتری کۆمپانیاکانمان بدەین بۆ هاتنە ناوەوەیان بۆ شاری سلێمانی . 
ئاماژەی بەوەشدا لە عێراقدا 1600 کۆمپانیای تورکی هەیە کە لەڕێژەیەش زۆرترینی بەر کوردستان دەکەوێت کە لە ئێستادا 1300 کۆمپانیا کاردەکەن لە کوردستاندا
ئاماژەی بەوەشدا ووڵاتی تورکیا ساڵانە وەبەرهێنانی دەگاتە 12 ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستاندا کە ئێمە دەمانەوێت کاربکەین بۆئەوەی ئەو ڕێژەیە زیاتربێت.