لەپاڵ کفتەو سەروپێ، شیرینی حەڵوا یەکێکە لەو خواردنانەی بۆتە تایبەتمەندی کەلتووری خواردن لەشاری سلێمانی، خەڵکی ئەو شارە بایەخێکی زۆر بەخواردن دەدەن، بەتایبەتی ئەوانەی بوونەتە تایبەتمەندیی شارەکەیان.
50 ساڵە حەڵواچییه
کڕیارهکانی حەڵوا تەنیا دانیشتووی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو خەڵکانێکی زۆری بیانی، کاتێ دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، شیرینیی حەڵوا لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.
تۆفیق عەباس ناسراو بەتۆفیقی حەڵواچی تەمەن ٦٨ ساڵ، لهبهرئەوەی نزیکەی 50 ساڵە خەریکی ئەو کارەیە، هەم ناوبانگی پەیداکردووەو هەم ئەزموونێکی زۆری تێدا ههیه.
ئەو لەڕێی باپیرییەوە حەزی لهحەڵواچێتی کردووهو لەمنداڵییەوە لەگەڵ باپیری حەڵوای درستکردووە، وهک خۆی دەڵێ: ئێستا حەڵواکەی چۆتە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا.
نرخەکەیشی گونجاوە
تۆفیق بۆ ئاژانسی ئهنادۆڵی وت: باوکم پیشەی سەراج بوو، لەماڵی باپیرم کەحەڵوای دروست دەکرد، منیش لەوەوە فێر بووم، خۆشەویستیم بۆ کارەکە، وایکرد زوو فێری بم. سەرەتا لەماڵەوە دروستمان دەکرد و لەدوکانێکی بچووکیشدا دەمانفرۆشت، ئەو کاتە ھاتوچۆی خەڵکی نێوان شارەکان کەم بوو، کڕین و فرۆشتن بەپارەی مەلەکی بوو، دواتر بوو بەپارەی جمھوری، لەبەرنەبوونی ئامێری پێشکەوتوو، زۆربەی کارەکان بەدەست دەکران، جاران حەڵواو گەزۆ گران بوون، بەڵام ئێستا بەھۆی زۆریی داواکاری لەسەری، نرخەکەیشی گونجاوە.
چین و تووێژو نهتهوهکان
لەدوکانەکەی تۆفیق، ھەموو چین و توێژێک و رۆژانە کورد، عەرەب، ئینگلیز و تورک، لەگەڵ بەپرسانی کورد دەچن بۆ کڕینی حەڵوا. ئەو کاتەی پەیامنێری ئهنادۆڵ چۆتە دوکانەکەی، چەندین کەسی بیانی و پەرلەمانتارانی کوردستان لەوێ بوون بۆ کڕینی حەڵواو شیرینی.
مەگەر بەمردن دەستبەردار بم
تۆفیق لەبارەی کاری ئێستاوه دهڵێت: ھەموو چین و توێژەکان دێنە ئێرە، بەپرس و کەسانی ئاسایی، زۆر دەمێکە بهم ئیشهوه سەرقاڵم، ناوەکەی بۆتە نازناوم، خەڵکی زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و رۆژھەڵاتییەکان، ھاتوونەتە ئێرە، وەکو ئەمریکاو سعودیەو حەڵوایان بردۆتەوە. هەروەها خەڵکی لە تورکیاوە دێنە لام و گەزۆ دەکڕن و دەیبەنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
لەگەڵ فراوان بوونی پیشەکەی، ئێستا تۆفیق کارگەیەکی فروانی حەڵواو گەزۆی لەشاری سلێمانی دروستکردووەو دەڵێ: مەگەر بەمردن دەستبەردارەی ئەو پیشەیە بم.
وهکو دیاری
شەربیل موبارک ژنێکی لوبنانییە و لەبانکێکی ئەهلیی شاری سلێمانی کاردەکات، ئەو دەڵێ: ھەر جارێ بگەڕێمەوە بۆ لوبنان، وهکو دیاری حەڵوای سلێمانی لەگەڵ خۆم دەبهمهوه.
شەربیل بهئاژانسی ئهنادۆڵی راگهیاند: حەڵوای سلێمانی زۆر خۆش و بەناوبانگە، ھەر جارێک سەردانی بکەم، دێمە ئەم دوکانە و لەگەڵ خۆم حەڵوا دەبەمەوە بۆ لوبنان، بۆخۆم سەردانی زۆربەی وڵاتانم کردووە، بەڵام شیرینی و حەڵوای سلێمانی تام و چێژێکی تایبەتی ھەیە.
سروشتی کوردستان لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی گەزۆ، گەزۆ لەکوێستانەکان بەسەر گەڵای درەختانهوه بەتایبەتی مازوو و دار بەڕوودا دەبارێ. دوای بڕینی گەڵای دارەکان، وشک دەکرێتەوە و بەتەکاندن گەزۆی لێ جیادەکرێتەوە. بۆ دەستکەوتنی گەزۆ، زەحمەتی زۆر دەکێشرێ.
كوردستانی نوێ