دواكەوتنی مووچە كاریگەری لەسەر جموجوڵو مامەڵەی كڕینو فرۆشتن لەناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەشێوەیەك كە بەراورد بەساڵی رابردوو، هاووڵاتیان كەمتر دەچنە بازاڕ بۆ كڕینی شمەك. لەگەڵ ئەوەشدا دواكەوتنی مووچە بازاڕی كز كردووەو كاریگەری كردۆتە سەر هەموو جومگەكانی بازاڕ. تەنانەت دوكانی مریشك فرۆشتنو عەرەبانەی قاورمەو چێشتخانەو ریستۆرانتەكانیشی گرتۆتەوە.
سەرەگرتن بۆ مریشك نەماوە!
ئازاد عەلی مریشك فرۆش ئەوە دەخاتەڕوو، پێش ئەوەی ئەم قەیرانە دروست بێت، رۆژانە لانی كەم 20 مریشكم فرۆشتووە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە زۆر كەم بۆتەوەو هاووڵاتیان بەكەمی مریشك دەكڕن.
ئەو مریشك فرۆشە بۆ كوردستانی نوێ وتی:»پێشتر كڕیاران سەرەیان دەگرت بۆ كڕینی مریشك، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نەماوە، هەرچەندە ئێمە نرخمان جێگرە، بەڵام وابڕوات دەبێت نرخی فرۆشتنی مریشك كەم بكەینەوە، بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن بیكڕن».
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی قەیرانی دواكەوتنی مووچەوە، زۆرێك لەدوكانو سۆپەرماركێتەكان نرخیان دابەزاندووەو داشكاندنی بەرچاویان كردووە، بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن شمەكەكانیان بكڕن، ئەوەتا دوكانێك لەشەقامی بەختیار كەتایبەتە بەپۆشاكی ژنان، پارچەیەك دەكڕیو پارچەیەكی دیكەش بەدیاری وەردەگری.
كەی مووچە دەدرێت؟
سستی جموجۆڵەكانی بازاڕ، زۆرێك لەدوكانو بازاڕەكان ناچارن داشكاندنی گەورە بكەن، بۆئەوەی كڕیاران سەردانیان بكەنو شمەكەكانیان بفرۆشرێت. تائێستاش دیار نییە كەمووچەی فەرمانبەران كەی چارەسەر دەكرێت.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەی رۆژی 23/2/2013 لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەئەنجومەنی نوێنەرانو حكومەتی عیراقو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرایكرد، كەحكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچەی دوو مانگی مووچەخۆران بدات. رۆژنامەنووسێكی ئابووریش دەڵێت:»حكومەتی هەرێم دەیتوانی سوود لەزۆر لایەنەوە وەربگرێت، بۆ دابین كردنی مووچەی فەرمانبەران، وەك پارەی شیرینی گرێبەستەكانی نەوت. هەروەها سوودی لەوەبەرهێنانو ئاڵۆگۆڕی بازرگانی وەربگرتا نەك تەنیا گرنگی بەسێكتەری نەوت بدات».
قەیرانی ئابووریی كوردستانو نەمانی پارە لەبانكەكاندا، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ كورتهێنانی بودجەی ساڵانی (2010و 2011و 2012و 2013)، كەقەربارەكەی بەنزیكەی شەش تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
جموجۆڵی بازاڕ سست بووە
رێكەوت محەمەد زەكی رۆژنامەنووسی ئابووری پێیوایە، نەبوونی مووچە كاریگەری لەسەر بازاڕو نرخ كردووە، هەرچەندە پێویستە لەم قۆناغەدا نرخ گۆڕانكاری بەسەردابێت، چونكە كەخواست نەبێت، پێویستە نرخ دابەزێت.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی خستەڕوو، تادواكەوتنی مووچە بەردەوام بێت، پێشبینی دەكرێت نرخی كاڵاو شمەك زیاتر دابەزێت، بەڵام ئەوەی گرفت دروست دەكات ئەوەیە، كەفرۆشیار ئامادەیە لەم كاتەدا داشكاندن بۆ كاڵاكانی بكات، كەبێگومان قەزانجیش دەكات، كەواتە پێشتریش دەیتوانی نرخ بهێنتە خوارەوە، بەڵام نەیهێناوەتە خوارەوە بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بخاتە سەری.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، رێكەوت محەمەد وتی:»بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە مووچەخۆرن، كەمووچە دوابكەوێت ئەوكات ناتوانن بچنە بازاڕو شمەك بكڕنو پارە خەرج بكەن، بۆیە تاك كەپارەی خەرج نەكرد، بازاڕ سست دەبێت، ئەوەش وادەكات كەدوكانو بازاڕەكان داشكاندن بكەن، هەرچەندە داشكاندنەكانیش وەك پێویست نین».
خواستو نرخ
سابیر عومەر سەعید شارەزا لەبواری ئابووری پێموایە، ئێستا هاووڵاتیان پارەیان پێ نییە، بۆئەوەی شمەك بكڕن، ئەوەش وایكردووە جموجۆڵی بازاڕ كزبێت، بەجۆرێك دواكەوتنی مووچە كاردانەوەی لەسەر نرخی شمەكو دوكانو بازاڕ كردووە.
وتیشی:»نەبوونی مووچە، بازاڕی وەستاندووە، بۆیە فرۆشیارو دوكانەكان بۆ ئەوەی بازاڕیان سست نەبێت، ناچارن نرخ دابەزێننو داشكاندن بكەن، بۆئەوەی هاووڵاتیانو كڕیاران بچنە بازاڕو شمەكەكانیان ساغ بكەنەوە، چونكە كەبازاڕ سست بوو، جموجوڵی بازرگانیش سست دەبێتو ئەوەندەی تر كاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت».
سابیر عومەر ئەوەشی روونكردەوە، پێویستە دوكانو فرۆشیار قازانجی زۆر نەخەنە سەر كاڵاو شمەكەكانیان، بۆئەوەی هاووڵاتیان توانای كڕینی شمەكیان هەبێت. وتیشی:» كەخواست لەبازاڕدا كەم بوو، ئەوكات نرخ دادەبەزێت».
كوردستانی نوێ