سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت سەرمایەدارانی سلێمانی 100 ملیار دیناریان لە بانكی هەرێم داناوە بۆ یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ژووری بازرگانی هەولێر دەڵێت ئەوان كارێكی هاوشێوەی سلێمانییان ئەنجامنەداوە.
سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، پێیوایە: “ئەم كارەی سەرمایەدارانی پارێزگای سلێمانی شتێكی كاتییە و هیوادارین ئەو قەیرانەی هەولێر و بەغدا بە زووترین كات چارەسەر بكرێت، بەڵام ئێمە بەردەوامین لەو بانگەشەیەی خۆمان بۆ بازرگانان و ئەوانیش رۆژانە هەڵویستی خۆیان هەیە بەرامبەر ئەم داواكاریەی كەرتی تایبەت و رۆژانە پارە دادەنێن لە بانك.”
سیروان محەممەد سەبارەت بەو بڕە پارەیەی تاوەكوو ئێستا كۆكراوەتەوە وتی:”ئەوەی ئاگادار بین نزیكبووەتەوە لە 100 ملیار دینار، كە بە دڵنیاییەوە بەشی مووچە ناكات و مووچە زۆر گەورەترە لەو قەبارەیە، بەڵام دەتوانرێ مووچەی چەند فەرمانگەیەكی پێ دابین بكرێت”.
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هیوای خواست كە پارەی سەرمایەداران لە بانك زۆرتر بێت و گوتی:” رۆژانەو بە بەردەوام بازرگانان و سەرمایەدارانی شاری سلێمانی پارەكانی خۆیان لە بانكە ئەهلییەكانەوە دەگوازنەوە بۆ بانكە حكومییەكان تا لەو رێگەیەوە هاوكاری حكومەت بن بۆ دابینكردنی مووچە”.