چین رەگەزنامە دەداتە بازرگانێكی كورد

بازرگانێكی كوردی دانیشتووی شاری هەولێر هۆكارەكانی پشت خراپیی كاڵای چینی لە كوردستان ئاشكرا دەكات و دەڵێت جگە لەوەی هەندێك بازرگان خۆیان كاڵای خراپ هاوردە دەكەن و هەندێكیشیان فێڵیان لێدەكرێت و كاڵای خراپیان بە باش پێدەفرۆشرێ، هەندێك لەو كاڵایانە كە لە پشكنینی كواڵیتی كۆنترۆڵ دەرناچن، دواتر بە پارە دەریاندەچوێنن.
موعتەسەم ئەنوەر، 36 ساڵ، وەك خۆی دەیگێڕێتەوە، سەرەتا بە شت فرۆشتن لەسەر كارتۆن و مێز دەستیپێكردووە، بەڵام ئێستا بازرگانێكی ناسراوی كوردە لە چین و توانیویەتی زەوی بۆ وەبەرهێنان لە حكومەتی چین وەربگرێت.
كار بۆ 600 بازرگانی كورد دەكات
موعتەسەم وەك خۆی باسی كرد، ساڵی 2003 كە تازە هێزەكانی ئەمریكا هاتبوونە عێراق، سەردانی چینی كردووە “لە 2003 چوومە ئوردن و لەوێ ڤیزای چینم وەرگرت، ئەوكات برادەرێكم لە چین دەژیا داوەتنامەی بۆ ناردبووم، دواتر مافی مانەوەم لە چین وەرگرت”.
موعتەسەم ئێستا لە چین خاوەنی كارگەیەكی دروستكردنی گڵۆپی كارەبایی و كۆمپانیایەكی تایبەت بە گواستنەوەی كاڵایە. ئەو دەڵێت “ئێستا كار بۆ 600 بازرگانی كورد دەكەم، ڤیزایان بۆ وەردەگرم و دواتریش ئەو كاڵایەی دەیكڕن لە چین بۆیان دەگوازمەوە بۆ كوردستان”.
حكومەتی چین وڵاتینامەی دەداتێ
بەپێی قسەی موعتەسەم، ئەوكاتەی ئەو چووەتە چین، تاك و تەرا كورد و عێراقی لە چین هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان زۆر بووە و دەڵێت “بەپێی زانیارییەكانم ئێستا نزیكەی 100 كورد مافی مانەوەیان لە چین وەرگرتووە”.
هەروەها دەڵێت كە بەم دواییە حكومەتی چین داوای لێكردووە سەردانی فەرمانگەی پێدانی رەگەزنامەی چینی بكات تاوەكو پەنجەمۆر و ئەستۆپاكی لێوەربگرن بە مەبەستی پێدانی گرین كارت “بەمەش دەبمە یەكەم كەس لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق كە رەگەزنامەی چینی وەردەگرم”.
موعتەسەم دەڵێت “ئێستا نزیكەی 2 هەزار عێراقی لە چین نیشتەجێن، دەتوانم بڵێم زیاتر لە 100 كەسیان كوردن. مانگانە حكومەتی چین 2400 ڤیزا دەداتە عێراقییەكان كە 30%ی بە بازرگانانی كورد دەدرێت”.
زەوی لە حكومەتی چین وەردەگرێت
ئەوكاتەی موعتەسەم چووەتە چین، تەنیا دوو كۆمپانیای كوردی لە چین هەبوون، ئێستا ژمارەیان زۆرتر بووە. موعتەسەم لە چین پەرە بە كارە بازرگانییەكانی دەدات و لە رێگەی داوودەزگاكانی تایبەت بە وەبەرهێنان 81 دۆنم زەوی لە ناوەڕاستی شاری هانزۆ وەردەگرێت و كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردنی گلۆپ و كۆمپانیایەكی گواستنەوەی لەسەر دادەمەزرێنێ.
لەوبارەوە دەڵێت “زەوییەكەم زۆر بە ئاسانی وەرگرت لە باشترین شوێنی شارەكە، گرێبەستەكەشم بۆ ماوەی 51 ساڵە، دوای ئەوە ئەگەر حكومەتی چین ئیشی بە زەوییەكە بێت لێم وەردەگرێتەوە و لە شوێنێكی دیكە زەویم دەداتێ”.
چینییەكان بە دوای بازرگانی كورددا دەگەڕان
بازاڕەكانی كوردستان پڕن لە كاڵای چینی، بەڵام لەلای خەڵك زۆر خوازراو نین، چونكە تەمەنیان زۆر كورتە. ئێستا زیاتر ئەوانە كاڵای چینی بەكاردێنن كە داهاتیان كەمە.
موعتەسەم پێیوایە ئێستا كاڵای خراپی چینی لە بازاڕەكانی كوردستان كەم بووە “پێشتر خەڵك گوزەرانیان خراپ بوو، ناچار بوون كاڵای كەم بەها و خراپ بەكاربێنن، پێشتر بازرگانانی چین بەشوێن كوردەكاندا دەگەڕان بۆ ئەوەی كاڵای خراپیان پێبفرۆشن، چونكە دەیانزانی بازرگانانی كورد كاڵای هەرزان و خراپیان دەوێت”.
موعتەسەم دەڵێت “ئێستا كوردستان لە بەكارهێنانی كاڵای باش پلەیەك چووەتە پێش، دەتوانم بڵێم بازاڕی ئێستای عێراق وەكو 10 ساڵ پێش ئێستای بازاڕەكانی كوردستان وایە، پێشتر چیت بهێنایە دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا وانییە”.
خێرەكەی چین بۆ بەغدایە
بەپێی قسەی ئەو بازرگانە كوردە، پێشتر هەرێمی كوردستان قازانجێكی زۆری لە هاوردەكردنی كاڵای چین دەكرد و كاڵای چینی لە رێگەی كوردستانەوە بە شارەكانی عێراقدا بڵاودەبووەوە، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە.
قەبارەی هەناردەی چین بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی 15 بۆ 25 ملیار دۆلار دەبێت. بەپێی قسەی موعتەسەم، 30%ی ئەو كاڵایانە دێنە كوردستان.
وەك ئەو باسی كرد، زۆربەی ئەو كاڵایانە لە رێگەی بەسرەوە دەهێندرێنە نێو عێراق “چونكە حكومەتی عێراق لە حكومەتی كوردستان كارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان دەكات”. موعتەسەم نموونەیەكی هێنایەوە و گوتی “گومرگی كۆنتینەرێك بار لە بەسرە 500 دۆلارە، بەڵام لە ئیبراهیم خەلیل 2000 دۆلارە”. گوتیشی “لە دوای 2011ەوە بەغدا كۆنترۆڵی هاوردەی كاڵای چینی كردووە و زۆربەی كاڵاكان لە رێگەی بەسرەوە دەهێندرێنە نێو عێراق”.
بە حاسیبە قسە دەكەن
ئەو بازرگانە باسی رەوشی بازرگانانی كورد دەكات لە چین و دەڵێت هەندێك لە بازرگانانی كورد كە سەردانی چین دەكەن هیچ شارەزاییەكیان نییە، ئەوەش وا دەكات هەندێكجار لەلایەن بازرگانانی چینی فێڵیان لێبكرێت و كاڵای خراپیان بە نرخی كاڵای باش پێ بفرۆشرێ.
لەوبارەوە دەڵێت “ئێستا نزیكەی 10 كۆمپانیای كوردی لە چین كاڵا هاوردە دەكەن، بەڵام بازرگانی ئێمە كە دێت 6 وشە ئینگلیزی و چینی دەزانێت و دەڵێت خۆم دەچم كاڵاكان دەكڕم، سەریان لە ئیشەكە دەرناچێت، بازرگانی وا هەیە بە ئیشارەت و بە حاسیبە كاڵا دەكڕێت، بەو هۆیەوە فێڵیان لێكراوە و كاڵای خراپیان بە باش پێ فرۆشراوە، ئێستاش ئەو فێڵە بەردەوامە”.
بە پارە دەریدەچوێنن
هاوردەكردنی كاڵای خراپ لە چین و وڵاتانی دیكە بۆ كوردستان، حكومەتی ناچار كرد كە بەڕێوەبەرایەتییەك بەناوی كواڵیتی كۆنترۆڵ دابنێت، ئەویش بە مەبەستی رێگە گرتن لە هاوردەكردنی كاڵای خراپ و ماوە بەسەرچوو.
بەڵام بەپێی قسەی ئەو بازرگانە كوردە، كواڵیتی كۆنترۆڵ نەیتوانیوە ئامانجەكەی خۆی بپێكێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەركی پشكنینی كاڵای بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت سپارد.
موعتەسەم دەڵێت “ئێستا كۆمپانیایەك پشكنین بۆ ئەو كاڵایانە دەكات كە لە چینەوە دەهێندرێنە كوردستان، زۆرجار كە كاڵا دەبەین بۆ پشكنین، لە پشكنینەكە دەرناچێت، بەڵام زۆر بە ئاسانی دەتوانیت بە پارە كاڵاكەت بۆ دەرچوێنن و بڕوانامەت بدەنێ”.
 هەروەها دەڵێت كە پێشتریش لە شوێنێك ئەمەی بە بەڕێوەبەری كوالیتی كۆنترۆڵ گوتووە و نوێنەری ئەو كۆمپانیایەشی لێبووە، بەڵام “نوێنەری كۆمپانیاكە بانگی كردم و گوتی چییە، دوژمنایەتیمان دەكەی؟”.
موعتەسەم گوتیشی “بەڕاستی ئەو كۆمپانیایانە تەنیا پارەی خۆیان وەردەگرن و زۆربەی كاڵاكانیش لە كوالیتی كۆنترۆڵ دەردەچن، چونكە پێوەری پشكنینان زۆر سادە و ساكارن، ئەو كۆمپانیایە مانگانە 4- 5 ملیۆن دۆلاری خۆی قازانج دەكات و تەواو”.
بازرگانێكی كورد، كە كاری هاوردەكردن لە چین دەكات، قسەكانی موعتەسەم پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت “بە تەنیا من تاوەكو ئێستا زیاتر لە 300 هەزار دۆلارم وەكو بەرتیل داوەتە كارمەندانی ئەو كۆمپانیایە، هەر كاڵایەكم بوێت بڕوانامەی ئەو كۆمپانیایەی بۆ وەردەگرم”.