٣/٢ گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لە شاری سلێمانی دەکرێتەوە

(پڕۆژەی شاری جوان) کە بەشێکی سەرەکی پێکهاتەکەی هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی لە خۆ دەگرێت و لەسەر براندی نێو دەوڵەتی ئەنجام دراوە 99% ی کارەکانی تەواو بووە و بە ووتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ٢٠١٤/٣/٢ دەکرێتەوە.
لەم بارەیەوە (یاسین فەقێ سعید) بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری سلێمانی بە گرنگیەوە لەم پڕۆژەیە دووا و بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە گەشتیاریەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەسفکرد و ئەوەی خستە ڕوو (شاری جوان) یەکێکە لەو پڕۆژە گەشتیاریانەی لەسەر براندی نێودەوڵەتی دروستکراوە و یەکێکە لە زنجیرەی بەناوبانگی هۆتێلەکانی Grand Millennium و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی Grand Millennium شاری جوان یەکێکە لە جوانترین پڕۆژەکانیان کە لەسەرانسەری دنیادا کە تا ئێستا دروستیان کردووە، 
لە درێژەی لێدوانەکەیدا (یاسین فەقێ سعید) بە گرنگیەوە باسی لەوە کرد بە تەواو بوونی پڕۆژەکە شاری سلێمانی هەنگاوێکی مەزن لە بواری گەشتیاری دەنێت و سیمایەکی جوان دەبەخشیت بە پایتەختی ڕۆشنبیری و پێیان وابوو دەبێتە هۆی ڕەخساندنی ڕێژەیەکی زۆر لە هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە شاری سلیمانی و بەشێک دەبێت لە هەنگاوەکان بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری،
هۆتێلی (شاری جوان) یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کەرتی تایبەت و پێکهاتووە لە ٣٩ نهۆم کە چوار جۆر ژووری نوستنی تایبەت بە گەشتیاران ئامادە کراوە و لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی سەرینی گەشتیاری، هاوکات کۆتا نهۆمی هۆتێلەکە ڕیستۆرانتێکی گەشتیاری لە خۆ دەگرێت کە بەبەردەوامی بە پێوانەی ٣٦٠ پلە بە دەوری خۆیدا دەخولیێتەوە و لەماوەی تەنها ٥٧ خولەکدا خولانەوەیەکی تەواو دەکات.
 
 
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری سلێمانی