سلێمانی و سنە, دەروازەی باشماخ دەكەن بە 24 كاتژمێری

هەردوو پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری كوردستان(سنە) كۆدەبنەوەو میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دەروازەی سنوری باشماخ دادەنێن بۆ ئەوەی دەروازەكە 24 كاتژمێر بەرووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا كراوە بێت
.
بەهرۆز  محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی بە یاوەری وەفدێك لە بەرێوەبەرانی فەرمانگەكانی سلێمانی, سەردانی مەرزی باشماخی نێودەوڵەتی كرد و لە دیوی كۆماری ئیسلامی ئێران, بەشداری كرد لە مەراسیمی كردنەوەی  باڵەخانەی ترمیناڵ  لە دەروازەكەدا
.
لەو مەراسیمەدا كە جێگری وەزیری رێگەوبان و گواستەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاری كوردستان(سنە) و نوێنەری مەریوان لە پەرلەمانی ئێران و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران تیدا ئامادەبوون، چەندین وتار پێشكەش كران.
 
سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازركانی و پیشەسازی سلێمانی وتی :تەئكید لە بابەخی دەروازەی سنوری باشماخ كرایەوە بۆ هەردوو وڵات و گەشەپێدانی زیاتری دەروازەكەش بە هۆیەك بۆ باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی ناوچەكەو بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەردوو لا لە قەڵەم درا
.
لە مەراسیمەكەدا پارێزگاری سلێمانی وتارێكی پێشكەش كرد.
لە وتارەكەیدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند ” چاكەی كۆماری ئیسلامی ئێران و دانیشتوانی پارێزگاكانی سەرسنورمان لە بیرناچێت كە لە رۆژانی تەنگانەدا بە هانامانەوە هاتوون و ئێستاش درفەتی باش هەیەو كاتی ئەوەیە پەیوەندییەكانمان زیاتر گەشەپێبدەین
” 
پارێزگاری سلێمانی دەروازەی باشماخی بە شادەماری بازرگانی و ئابوری سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێران لە قەڵەم داو وتی: هەرچی پێویست بێت بۆ گەشەپێدانی دەروازەكە ئەنجامی دەدەین.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا پارێزگاری سلێمانی، رایگەیاند ژمارەكان نیشان دەدەن بارزگانی و هاتوچۆی گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێراندا ساڵا بەساڵ لە بەرزبوونەوەدا، بەڵام ئەوە كەمترە لە خواستی هەردوو لامان و دەمانەوێت ژمارەكان زیاتر بەرز بكەینەوە. پارێزگار وتی.
هەر لەو رووە پارێزگاری سلێمانی هەوڵەكانی  بۆ كردنەوەی چەند دەروازەی تری رەسمی لەنێوان سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێران  خستووەتە روو، تەئكیدیشی لە جێ‌ بەجێ‌ كردنی رێكەوتننامەكانی لێكگەیشتنی نێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگا هاوسنورییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كردەوە  بۆ گەشەپێدانی دەروازە سنورییەكان.
هەر لەوتەكەیدا پارێزگاری سلێمانی دەستخۆشی لە پارێزگاری كوردستان كرد بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی ترمیناڵ لە دەروازەكەدا و ئاماژەی بۆ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ گەشەپێدانی ئەو دەروازەیە و ئاشكرای كرد رێگەی نێوان باشماخ- پێنجوێن لە چوارچێوەی پرۆژەی بە دووسایدكردنی رێگەی سلێمانی-باشماخ، رادەستی دوو كۆمپانیا كراوە بۆ جێبەجێ‌ كردن كە درێژییەكەی 12 كم ە بە بەهای 41 ملیارد دینار.
دوای مەراسیمی كردنەوەی ترمیناڵی باشماخ، لە نێوان پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری كوردستان(سنە) بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردوو لا، كۆبوونەوەیەك بەرێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كێشە و گرفتەكانی دەروازەی باشماخ گفتۆگۆیان لەسەركرا.
هەردوولا هاورابوون، هەوڵی تەواو بدرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و جێ‌ بەجێ‌ كردنی رێكەوتننامەكانی لێكگەیشتنی نێوانیان.
لەكۆبوونەوەكەدا بریاردرا هەردوولا هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی دەروازەكە 24 كاتژمێر كراوە بێت  بەرووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا.
بۆ ئەو مەبەستەش بریاردرا لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردوو لا لە رۆژی یەك شەمەی داهاتووەوە  بۆ ماوەی 3 رۆژ  لە دەروازەكە كۆبوونەوەو گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەكردنی رێگری و كێشەكانی دەروازەكەو كردنی بە 24 كاتژمێری.
لە لایەكی تر پارێزگاری سلێمانی بە یاوەری بەرێوەبەری ناحیەی گەرمك و بەرێوەبەری نشینگەی سلێمانی و كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی سەردانی دەروازەی سنوری( سەیران بەن)ی كرد.
لەسەردانەكەدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەزامەندی دراوە بۆ ئەوەی ئەو دەروازەیەش بكرێتە دەروازەیەكی رەسمی و تەنیا رەزامەندی حكومەتی ناوەندی عیراق ماوە.
پارێزگار داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم كرد پلانی جێبەجێ‌ كردنی پرۆژەكان بۆ داهاتوو لە دەروازەكەدا دارێژن و كار بكەن بۆ پاكردنەوەی دەوروبەری دەروازەكە لەو  كێڵگە مینانەی هەیە، هاوكات پارێزگار بەڵێنیدا هەوڵ بدەن بۆ  دروستكردنی گۆڕەپانێك بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان لە دەروازەكەدا.
پارێزگار داوای لە كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد كار بكات بۆ زیاتركردنی دەوام لە دیوی ئێرانی دەروازەكەو دروستكردنی گۆڕەپانێك بۆ ئۆتۆمبێلەكان 
كونسوڵی كوماری ئیسلامی ئێرانیش دوای پەیوەندی كردن لەگەڵ لێپرسراوانی پارێزگای كوردستان(سنە) رایگەیاند كاتژمێرێك دەوامی دەروازەكە زیاد دەكرێت و  بەڵێنیدا كار لەسەر داواكارییەكانی ترش بكات.