سەرمایەدارێكی كورد بڕی 20 ملیار دینار بە قەرز دەداتە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەڕێی هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ هاوكاریكردنی دارایی حكومەت، ئەوەش بە مەبەستی پێدانی موچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ.
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند ، سەرمایەدار ئەحمەد ئیسماعیل، بڕی 20 ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم.
مەلا یاسین كە هاوكات، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ هاوكاریكردنی دارایی حكومەتە وتی “پارەكەی لەڕێی ئێمەوە دراوەتە حكومەت.
پێدانی ئەو پارەیە بەحكومەت لە لایەن ئەحمەد ئیسماعیلەوە، دوای ئەوە دێت ژمارەیەك وەبەرهێنەرو سەرمایەدارو بازرگانی سلێمانی هەفتەی رابردو لەیەكەمین هەنگاویاندا بڕی 100 ملیار دیناریان بەقەرز دایە بانكی هەرێم، بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی نەمانی پارە لەبانكەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد، شەممەی داهاتوو تەواوی ناوی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكەین كە هاوكاری حكومەتیان كردوەو بڕی پارەكەش باسدەكەین، ئەوانەشی كە بەشدارنەبون لەم هەڵمەتەداو خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارن ناویان دەهێنینو باسی هەموو پڕۆژەكانیشیان دەكەین.