چەند سەمونخانەیەك كەپەكی ئارد بە سەموونی جۆ دەفرۆشن

لێپرسراوی‌ تیمی تایبەتی پشكنین‌و بەدواداچوونی‌ تەندروستی‌ سلێمانی، رایدەگەیەنێت: چوار سەمونخانانە لەناو سلێمانیدا داخراون بەهۆی‌ فرۆشتنی  سەموونی كەپەكی ئارد بە نرخی سەموونی جۆ.
ڕێبوار جەلال، ‌ بۆ چاودێرنیوز وتی: پاش ئەوەی‌ لەچەند ڕۆژی‌ ڕابردودا لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئاگاداركراینەوە بەوەی‌ كە هەندێك لە سەمونخانەكان كەپەكی‌ ئارد بەكاردەهێنن بۆ دروستكردنی‌ سەمون‌و پاشان بە سەمونی‌ جۆ بە هاووڵاتی‌ دەفرۆشن بێ‌ ئەوەی‌ پێش وەخت هاووڵاتی‌ ئاگاداربكەنەوە، دەست بەجێ‌ تیمەكانمان بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە كرد لەچەند ڕۆژی‌ ڕابردودا بۆ ئەوەی‌ لە ڕاست‌و دروستی‌ ئەو مەسەلەیە دڵنیاببینەوە.
وتیشی: دوای بەدواداچوونەكانمان، دواجار دەركەوت كە تەواو وایە ئەمەش سەرپێچییەكی‌ گەورەیە كە ئەو سەمونخانانە ئەنجامیانداوە.
راشیگەیاند: لە پێناو پاراستنی‌ تەندروستی گشتی‌ هاووڵاتیاندا ئەمڕۆ بڕیاری‌ داخستی‌ ئەو شوێنانەیاندا كە ژمارەیان 4 سەمونخانەیە بەهۆی‌ ئەو سەرپێچییانەوە ئەمە جگە لەوەی‌ كەلە یەكێك لەو سەمونخانانەدا كە سەمونخانەیەكی‌ توركییە زیاتر لە 15 كارتۆن (پەنیرو كەرە) كە بەكاری‌ دەهێنێت بۆ دروستكردنی‌ جۆرە جیاوازەكانی‌ سەمون لەسەر زەوی‌و لەدەرەوەی‌ بەراددا دانراوە كە پلەی‌ گەرمی‌ شوێنەكە لەسەرو 25 پلەی‌ سەدییەوەیەو خۆی‌ لەڕاستیدا لێیان نوسراوە دەبێت لەژێر 18 پلەی‌ سەدییەوە بپارێزرێت كە ئەمەش تەندروستی‌ هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە.
روونیشیكردەوە: زیانی‌ ئەم جۆرە سەرپێچییانە لەوەدایە  كە هاووڵاتیانی نەخۆش یان بەتایبەتی‌ توشبووانی شەكرە بەپێی رێنماییە پزیشكیەكان خۆیان لەخواردنی نانی گەنم دووردەخەنەوەو نانی جۆ بەكاردێنن تاوەكو شەكرەیان باشتر كۆنترۆڵ بكەن، بۆیە كاتێك كەپەك بە سەمونی جۆ پێیان بفرۆشرێت ئەوا تەندروستیان دەخاتە مەترسیەوە.
رایگەیاند:  “لە حاڵەتی ئاسایشدا زۆر خواردنی كەپەك كێشی لەشی مرۆڤ زیاد دەكات‌و هەندێكجاریش كێشە بۆ ریخۆڵەكان دروست دەكات”.
 
چاودێرنیوز