هەڵمەتی لابردنی تەجاوزاتی كارەبا جێبەجێدەكرێت

پێشنیوەرۆی ئەمرۆ 18/2/2014 بەڕێز هۆگر شاڵی بریكاری وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی سەردانی پارێزگاری سلێمانی كردو لەگەڵ بەهرۆز حەمە ساڵح پارێزگاری سلێمانی كۆبووەوە .
لەكۆبوونەوەكەدا بریكاری وەزیری كارەبا لەرەوشی كارەبای هەرێمی كوردستان و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەباو هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبای بۆ پارێزگار شیكردەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواستی كارەبا وەزارەتی كارەبا پلانی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبای هەیە.
لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا داوای لەپارێزگاری سلێمانی كرد كە بەهەماهەنگی لەگەڵ لیژنەكانی قایمقامیەت و لیژنەكانی سەرپێچی كارەبا هەڵمەتێكی لابردنی تەجاوزاتی كارەباو ئەو شوێنانەی كە بەنایاسایی كارەبایان راكێشاوە سازبكرێت بەمەبەستی زیان نەگەیاندن بەتۆڕەكانی كارەبا، لای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی بەڵێنی هەموو هاوكارییەكیدا لەو بوارەدا.
پاشان لەكۆبوونەوەیەكی رۆژنامەوانیدا بەئامادەبوونی كەناڵەكانی راگەیاندن بریكاری وەزیری كارەبا تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەكەی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و ئامانجی سەردانەكەی بۆ پارێزگای سلێمانی روونكردەوەو رایگەیاند پێشنیارێكیان هێناوە كە لەرێگەی لیژنەكانی قایمقامیەتەوە هەڵمەتێك بۆ لابردنی تەجاوزاتی كارەبا رابگەیەنرێت بەمەبەستی زیان نەگەیاندن بەتۆڕەكانی كارەبای هەرێم.
دواتر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی پشتگیریی تەواویی پیشنیارەكەی وەزارەتی كارەبا دەكەین لەڕێگەی لیژنەكانی قایمقامیەتی سەرجەم قەزاو ناحیەكان بەبەشداریی فەرمانگەكانی كارەبا ئەو هەڵمەتە ئەنجامدەدەین و لەداهاتوودا هەوڵدەدەین سەرپێچی كارەبا نەهێڵین و هەر كەسێكیش سەرپێچی بكات ئەو سزایانەی كە بۆی دانراوە جێبەجێی دەكەین.