یەكێتی ژووری بازرگانیو پیشەسازی هەرێمی كوردستان،رایگەیاند، لە(29)ی مانگی ئاداری داهاتوودا لەهەولێر خوولی (116)مینی كۆنگرەی ژووری بازرگانیو پیشەسازیو كشتوكاڵی عەرەبی لەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، كە تێیدا زۆرینەی ژوورە بازرگانیو پیشەسازییەكانی عەرەب بەشداری دەكەن.
دارا جەلیل خەبات، سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازی هەرێمی كوردستان، بەژمارەی ئەمڕۆی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، بەستنی ئەو كۆنگرەیە لەهەولێر، گرنگی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستانو پایتەخت بەتایبەتی هەیە، كە متمانە لای وڵاتانی عەرەبی زیاتردەكات بەسەقامگیری هەرێمو وڵاتانی عەرەبیش دەیانەوێت زیاتر لەهەرێمی كوردستان نزیكببنەوەو پەیوەندییە ئابوورییەكانیان لەگەڵ هەرێم بنیات بنێن.
ناوبراو، وتیشی “ئەم كۆنگرەیە، هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی چالاكییەكانی هەولێر وەك پایتەختی گەشتووگوزاری عەرەبی بۆ ئەمساڵ، كە دەبێتە هەلێكی گەورە بۆ بازرگانو وەبەرهێنەرانی عەرەبو ئاگاداربوون لەسرووشتی راستەقینەی هەرێمو كەشوهەوای گشتی بۆ وەبەرهێنانو كاری بازرگانی لەهەرێم”.