باج له‌ سه‌ر له‌ سه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان كه‌مده‌كرێته‌وه‌

به‌ بڕیارێكی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم 5%ی باجی سه‌رجه‌م شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ دوو هه‌زار 460  شوێنی گه‌شتیاری له‌ بڕیاره‌كه‌ سودمه‌ند ده‌بن.
هێرش ئه‌حمه‌د چاوشین، سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵی‌ چێشتخانه‌‌و میوانخانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ (باس) رایگه‌یاند: وه‌زاره‌تی  دارایی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی‌ باجه‌كان نرخی‌ باجی‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌، وتیشی: “به‌ نوسراوێكی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باجه‌كان كه‌ له‌و ماوه‌یه‌ ده‌رچووه‌، ‌رێژه‌ی‌ 5%ی  باج له‌ سه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان  كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ له‌ 20%  بوه‌ته‌ ‌15%. له‌ بڕیاره‌كه‌دا كه‌ بۆ لایه‌نه‌ پێوه‌نداره‌كانیش ره‌وانه‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو كه‌ ئه‌مساڵ به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ولێر بوه‌ته‌ پایته‌ختی گه‌شتیاری بۆیه‌ باجی‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان كه‌مده‌كرێـته‌وه‌”.
له‌ كاتێكدا هێرش چاوشین ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات  كه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج ته‌نها بۆ ساڵی 2014یه‌، به‌ڵام نادر رۆستی،  وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به‌ (باس)ی راگه‌یاند: دابه‌زاندنی باجی شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان بۆ ساڵێك نیه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وام ده‌بێت. 
وتیشی: “پێشووتربه‌ قۆناغێك باجی شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان بۆ 20% كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ته‌وه‌، له‌ قۆناغی دووه‌میش ئه‌مساڵ 5% كه‌مكراوه‌ته‌وه‌”.
 
سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵی‌ چێشتخانه‌‌و میوانخانه‌كان ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه‌ گله‌یی زۆریان له‌ نرخی باجی سه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، وتیشی: “له‌ ساڵی رابردوودا بڕیاریاندا، كه‌ باجی شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان بكرێته‌ 20% و 80%ی داهاته‌كانیشمان بكه‌نه‌ خه‌رجی، ئه‌مساڵیش كه‌میانكرده‌وه‌ بۆ 15% كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكی باشه‌ و سوپاسیان ده‌كه‌ین”.
دوو هه‌زار 460 شوێنی گه‌شتیاری  له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ 524 میوانخانه‌ و 282 موتێل و 72 گوندی گه‌شتیاریی و هه‌زار و582 رێستۆرانت و كافتریان، سه‌رجه‌میان بڕیاره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باج ده‌یانگرێته‌وه‌.
به‌ وته‌ی هێرش چاوشین، به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆر بۆ ئه‌وشوێنه‌ گه‌شتیاریانه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ “زۆر كارێكی باشه‌ و كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ سه‌ر په‌ره‌پێدانی خزمه‌تگوزاری له‌ شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵانی رابردوو میوانخانه‌یه‌ك دوو ملیۆن دیناری باجی ساڵانه‌ هه‌بوایه‌، ئێستا ملیۆنێك ده‌دات”.
سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ چێشتخانه‌‌و میوانخانه‌كانی‌ كوردستان پێیوایه‌ له‌ پاڵ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌بێت پاره‌ی  كرێی ئاو و كاره‌بای شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان كه‌مبكرێته‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌ت وه‌ك شوێنی‌ بازرگانی‌ كرێی‌ كاره‌بایان لێده‌ستێنێت، وتییشی: “75% داهاتی‌ میوانخانه‌‌و چێشتخانه‌كان و شوێنه‌كانی تر بۆ كرێی‌ كاره‌بایه‌، ماوه‌ی یه‌ك ساڵه‌ عیماد ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵێنی پێداوین پاره‌ی كاره‌با له‌ سه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌”.
به‌پێی ئامارێكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی رابردوودا 33% زیادیكردووه‌ و له‌ ساڵی 2013 رێژه‌كه‌ بۆ دوو ملیۆن و 950 هه‌زار گه‌شتیار، به‌رزبوه‌ته‌وه‌، له‌ساڵی 2012 دا دوو ملیۆن و 217 هه‌زار گه‌شتیار هاتوتبوونه‌ هه‌رێمی كوردسنان. 
نادر رۆستی،  وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌ سه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت” :ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار پێشنیاری بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باج كرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باجی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ش بتوانن نرخی خزمه‌تگوزاریه‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و زیاتر گه‌شتیاران بۆ كوردستان رابكێشن”.
نادر رۆستی له‌ باره‌ی به‌رزی نرخی كاره‌با له‌ شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان وتی: “ئێمه‌ پێشنیازمان بۆ حكومه‌ت كردوه‌ نرخی كاره‌بای ئه‌و شوێنانه‌ به‌ بازرگانی ئه‌ژمار نه‌كرێت، به‌ڵكو وه‌ك پیشه‌سازی بێت”.