لەگەڵ ئەوەی دواکەوتنی مووچە کاریگەری ھەبووە لەسەر فرۆش لە ناو بازاڕەکاندا بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ھیچ کاریگەریەکی نەکردۆتە سەر بەزبوونەوەی نرخەکان.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی “سۆران عەبدولغەفوور” لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی پەیامنێر رایگەیاند: “دواکەوتنی مووچەی ھەندێک فەرمانبەر و دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم ھیچ کاریگەریەکی نەکردۆتە سەر بەرزبوونەوەی نرخ و شمەک و کاڵا و پێداویستیەکان لەناو بازاڕەکاندا.”
سۆران عەبدولغەفوور گوتی: “ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام رۆژانە چاودێری نرخەکانی ناو بازاڕ دەکەین و بەھەموو شێوەیەک رێگە لە گرانفرۆشی فرۆشیاران دەگرین لەڕێگەی لیژنە تایبەتیەکانی خۆمانەوە.”
راشیگەیاند: “ئەگەر دەرکەوت خواردن و پێداویستیەکانەوە لەسەرچاوەکەوە نرخەکەی بەرز بوویەوە ئەوا ئاساییە ئەگەر لەناو بازاڕەکانیشدا نرخەکەی بەرز ببێتەوە بەڵام بەپێچەوانەوە ئێمە بەھەموو شێوەیەک رێگری دەکەین لە بەرزبوونەوەی نرخەکان.”