هه‌زار ته‌ن گۆشتی مریشكی ” بانە ” هه‌نارده‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌

ساڵی رابردوو ته‌نیا له‌ شارێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ بڕی زیاتر له‌ هه‌زار ته‌ن گۆشتی مریشك هه‌نارده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.
محه‌مه‌د ساڵح ئه‌حمه‌دی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی شاری بانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رایگه‌یاند: 71 كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ر له‌و شاره‌ دروستكراون و ساڵانه‌ بڕی 8 هه‌زار ته‌ن مریشك به‌رهه‌مده‌هێنن.
وتیشی: له‌و بڕه‌ 5 هه‌زار ته‌نی بۆ پێداویستی خۆراكی ناوخۆی بانه‌یه‌ و 3 هه‌زار ته‌نی دیكه‌شی هه‌نارده‌ ده‌كرێت و ته‌نیا له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا زیاتر له‌ هه‌زار ته‌ن مریشك ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی بانه‌ باسی له‌وه‌شكرد ده‌كرێت به‌ پێی پێداویستیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توانا فراوانه‌كانی بانه‌ له‌ رووی كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ره‌، چه‌ندین كێڵگه‌ی تری به‌خێوكردنی مریشك له‌و شاره‌ دروست بكرێن و بڕێكی زیاتر ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت.