23ی ئەم مانگە دواكاتە بۆ بەشداریكردن .. ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی گەشتێك بۆ وڵاتی چین رێكدەخات

كۆمپانیای (ciec)داوا لە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەكات بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی ” كانتۆن ” بكات كە 15-4-2014 لە شاری كوانجۆی وڵاتی چین دەكرێتەوە و تا 5-5-2014 بەردەوامدەبێت
لەرێگەی نوسراوێكیشەوە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ،یەكێتی ژورە بازرگانیەكانی كوردستان – عێراق ئاگادار دەكاتەوە كە دواكاتی خۆتۆماركردن بۆ بەشداریكردن لە پێشانگاكەدا 23-2-2014یە
 
بۆ ئەو مەبەستەش هەریەكە لە تانگ لیانگ بەرێوەبەری گشتی و سندی تانگ جێگری بەڕێوەبەری( سەنتەری بنیاتنانەوەی عێراق- چین ) لەگەڵ یاسین رەحیم فەرەج جێگری یەكەمی سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كۆبونەوە 
لە كۆبونەوەكەدا داوایان لە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد كە دەستەیەك لە بازرگانان و پیشەسازان پێكبهێنن بۆ بەشداریكردن لە پێشانگاكە و ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆلێك لەنێوان ژوری بازرگانی كوانجۆ و سلێمانی بۆ دروستكردنی پەیوەندیەكی بەهێز بۆ بازرگانانی هەردولا لە رێگەی ژورە بازرگانیەكانیانەوە .
 
لای خۆشیەوە جێگری یەكەمی سەرۆكی ژور ئامادەیی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ هاوكاری كردن و دروستكردنی ئەو پەیوەندیە دەربڕی
یاسین رەحیم وتیشی بازرگانان و پیشەسازانی هەرێم دەتوانن لەم رێگەیەوە پەرە بە پەیوەندیە ئابوریەكانیان لەگەڵ وڵاتی چین بدەن و ئاسانكاری تەواویشیان بۆدەكرێت .
پێشانگای نێودەوڵەتی (كانتۆن ) گەورەترین پێشانگایە لە وڵاتی چین و ساڵانە دو جار لە مانگی (4) و (10)دا لە شاری كوانجۆی ئەو وڵاتە دەكرێتەوە .