بەمەبەستی زانیاری وەرگرتن لەسەر ڕەوشی بازرگانی وەبەرهێنان لە ئێستادا نوێنەری یۆنامی لە ئێران سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیکرد.
ڕەێنێ ئەکوارۆن بەڕێوەبەری نوسینگەی یۆنامی لە تاران لەگەڵ سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ژور کۆبونەوە و لەکۆبونەوەکەدا باس لە ڕەوشی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان ئێران و سلێمانی کرا.
سیروان محەمەد راِیگەیاند لەئێستادا بازرگانیکردن لە نێوان ئێران و کوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی بەردەوامە بەڵام ئەو بازرگانیکردنە کەمبونەوەی بەخۆیەوە دیوە بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوریەی لە ئێراندا هەیە وە لە ئێستادا بازرگانیکردن لەگەڵ تورکیادا زیاتربووە.
سیروان محەمەد وتیشی جاران 80% بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندابوو بەڵام ئێستا ئەوە پێچەوانە بۆتەوە لەگەڵ تورکیا بازرگانیکردن زیادی کردووە بەڵام پەیوەندیەکان لەگەڵ ئێران درێژەی هەیە بۆئەوەی بتوانین کاڵاکانی ئێران بەردەوام ڕو لەکوردستان بکەن و بازرگانانیش بەردەوام کار لەگەڵ بازرگانانی ئێران دەکەن.