دوو شاری پیشه‌سازی له‌ حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ ده‌كرێنه‌وه‌

به‌رپرسی گشتی گومركی پارێزگای سنه‌ رایگه‌یاند دوو سنوری باشماخ و سه‌یرانبه‌ند ده‌بنه‌ ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
محه‌مه‌د شه‌هبازی گوتیشی له‌ ئێسته‌دا رێگاوبانی مه‌رزی باشماخ و سه‌یرانبه‌ند باش نیه‌ و بۆ كاری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی شیاو نیه‌.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی گومرك گوتیشی، ساڵی پار 4 ملیار دۆلار هاورده‌ و نارده‌مان بووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو سنوره‌ ببن به‌ ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی رێژه‌ی هاورده‌ و نارده‌ی ئێران و هه‌رێمی كوردستان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و بازرگانه‌كان باجی گومركیان له‌سه‌ر نامێنێ. ئاشكراشی كرد كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا سنورێكی تر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ مه‌رزی سه‌یفی بانه‌ ناسراوه‌.
لای خۆیشییه‌وه‌ عه‌بدوڵا ئاكره‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێران به‌ (باسنیوز)ی گوت: هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران 3 سنوری فه‌رمیی هه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و ئێران دانیان پێدانراوه‌ كه‌ بریتین له‌ سنوره‌كانی په‌روێزخان و باشماخ و ته‌مه‌رچین، ئه‌و سنوره‌ نوێیه‌ش ئێوه‌ باسی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر كرابێته‌وه‌ كاتییه‌.
ئاكره‌یی گوتیشی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێران باسی دروستكردنی دوو شاری پیشه‌سازیمان كردووه‌ كه‌ له‌ سنوره‌كانی باشماخ و حاجی ئۆمه‌ران دروست بكرێ به‌ڵام هێشتا له‌ سه‌ره‌تای وتووێژه‌كانداین و بڕیاری كۆتاییمان نه‌داوه‌.
ئێران خاوه‌ن دوو ناوچه‌ی ئازادی بازرگانیی قشم و كیشه‌ كه‌ گرنگی ئه‌وتۆیان پێده‌درێ و بوونه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی گرنگی ئابووری و گه‌شتیاری بۆ ئه‌و وڵاته‌.
 
 
(باسنیوز)