سه‌رمایه‌داران كۆمه‌كی‌ بانكه‌ حكومیه‌كان ده‌كه‌ن

لەهەڵوێستێكی نیشتیمانیدا و بۆ تێپەراندنی قەیرانی كەمی پارە لەبانكە حكومییەكاندا, سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان لەرێگەی ژووری بازرگانی سلێمانی و یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانییەوە، هەڵمەتێك بۆ گواستنەوەی بەشێك لەسەرمایەكانیان و پارەداركردنی بانكە حكومییەكانی سلێمانی بەرێوەدەبەن.
ئه‌م زانیاریانه‌ش لەكۆبوونەوەیەكی نێوان (بەهرۆز محەمەد ساڵح) پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و بەرێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم لەسلێمانی راگەیاندرا.
به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ،لەكۆبوونەوەیه‌كدا راگەیاندرا سەرمایەداران و وەبەرهێنەران, بریاریانداوە بۆ تێپەراندنی قەیرانی كەمی پارە لە بانكە حكومییەكاندا، هەڵمەتێكی نیشتیمانی بۆ هاوكاریكردنی ئەو بانكانە بەرێوەبەرن و بەشێك لە سەرمایەو پارەكانیان بگوازنەوە بۆ بانكە حكومییەكان،
هەروەك بریاریشدرا هەڵمەتەكە لەئەمرۆ 12ی شوباتەوە دەستپێبكات.
سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەكۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەتەنگەوەچوونێكی باش بۆ هەڵمەتە هەیە لەلایەن سەرمایەدارانەوە و وەبەرهێنەرانەوەو ژمارەیەكی زۆر لە سەرمایەداران ئامادەییان نیشانداوە بۆ بەشداریكردن لەهەڵمەتەكەدا.
هه‌ر به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، هەڵمەتەكە دەتوانێت متمانە بگێرێتەوە بۆ بانكەكان 
پارێزگاری سلێمانیش وێرای دەستخۆشی و ستایشی ئەو هەوڵەی سەرمایەداران، هەڵوێستەكەیانی بە “هەڵوێستكی نیشتیمانی ناوبردووه‌ .
پارێزگار ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئێمە دڵسۆزی ئەو سەرمایەدارانەی هاوكاری ئەم هەڵمەتە دەكەن لەیاد ناكەین و داواش دەكەین هەموو بازرگان و سەرمایەداران و ئەو هاوڵاتیانه‌ی‌ لەتوانایاندایە هاوكاری هەڵمەكەته‌كه‌ بكەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قەیرانە تێپەرێنین، بانكە حكومییەكان متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە،  بتوانن كاروباری هاوڵاتیان و پرۆژەكان راپەرێن.
پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌یشی خستوه‌ته‌ڕو، قەیرانەكە كاتیەو چارەسەر دەبێت، بەڵام دەبێت هەموو لایەك لەم قۆناغەدا هاوكاری  یەكتر بین، بۆ تێپەراندنی قەیرانەو كەمكردنەوەی زیانەكانی.