نوێنەری نۆ كۆمپانیای ئیتاڵی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی كۆبوونەوەو و لە نمایشێكیشدا تواناو بەرهەمەكانیان بە نوێنەری ژمارەیەك لە فەرمانگەكانی سلێمانی نیشاندا.
11ی شوبات, بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بە ئامادەبوونی, سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی, پێشوازیكرد لە كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان و نوێنەری 9 كۆمپانیای ئیتاڵی.
لە دیدارێكدا, پارێزگاری سلێمانی و وەفدی میوان, تاوتوێی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەكانی نێوان ئیتاڵیا و پارێزگای سلێمانیان كرد.
لە دیدارەكەدا پارێزگاری سلێمانی هانی كۆمپانیا ئیتاڵیەكانی دا بۆ سەرمایەگوزاری روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و پارێزگار بارودۆخی هەرێمی كوردستان و یاسا كارپێكراوەكانی بە دەرفەتی باش و گونجاو بۆ كۆمپانیا بیانییەكان وەسف كرد.
پارێزگار تەئكیدی لە پێویستی سلێمانی و هەرێمی كوردستان كرد بە كۆمپانیا بیانییەكان لە بواری بەرێوەبردنی پرۆژەكان و وەبەرهێنان لە كەرتەكانی گەشتوگوزار و كشوكاڵ و پیشەسازی.
پارێزگار وتیشی: ئێمە پرۆژەو پلان و بودجەی فراوانمان هەیەو چاوەڕوانی كۆمپانیای زیاتر بێن و هاوكارمان بن لە جێ بەجێ كردنی پلانەكانماندا.
پاشان نوێنەری كۆمپانیاكان لە نمایشێكدا توانای كۆمپانیاكانیان و كارەكانیان بۆ ژمارەیەك لە نوێنەری فەرمانگەكانی سلێمانی خستەروو كە بوارەكانی كشتوكاڵ و ئاودێری و بیناسازی دەگرتەوە.
لە لایەكی تر هەر ئەمرۆ بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە لێپرسراوی رێكخراوی یونسێف لە عیراق و وەفدێكی یاوەری.
لە كۆبوونەوەیەكدا لێپرسراوی یونسێف لە عیراق روونكردنەوەی دا لەبارەی كارەكانی رێكخراوەكە لە عیراق، بە تایبەت لە بواری هاوكاریكردنی ئاوارەكان و دابینكردنی خوێندن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆیان.
لەبارەی ئاوارەكانی ناوەراستی عیراقشەوە لێپرسراوەكەی یونسێف ئامادەی رێكخراوەكەی نیشاندا بەهاوكاركردنیان لەو بوارانەدا كە پەیوەندی بە پسپۆڕی رێكخراوەكەوە هەیە.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی وێرای دەسخۆشی لە رێكخراوەكە, پاڵپشتی و پشتیوانی دەزگاكانی سلێمانی بۆ دووپات كردنەوە.
لەبارەی ئاوارەكانی ناوەراستی عیراقیش, پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند بەپێی توانا بەدەم ئەو ئاوارانەوە چوون و هەرچیش پێویست بكات بەهاوكاری لەگەڵ رێكخراوەكاندا بۆیان ئەنجام دەدرێت.
پارێزگار تەئكیدی لە گرنگیدان بە كەمپی باركیە كردووەو لەبەرئەوەی بەهۆی نائارامی ناوچەكەوە لە هەموو كاتێكدا ئەگەری هاتنی ئاوارە بۆ پارێزگای سلێمانی هەیە.