كۆمپانیای ئاسیا بۆ وەبەرهێنان رایگەیاند وڵاتانی كەنداو بەگشتی و تاوەكو ساڵی 2040 وەك سەرچاوەی یەكەمی نەوت دەمێننەوەو سعودیە، ئێران و عێراقیش دوا سەرچاوەی نەوت دەبن لە جیهان.
كۆمپانیای ئاسیا بۆ وەبەرهێنان لە راپۆرتێكدا رایگەیاند: بەپێی نوێترین پێشبینییەكانی دەزگای زانیاری وزەی ئەمریكا زۆرترین بەرهەمی نەوت بە درێژایی 25 ساڵی داهاتوو لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەناردەی جیهان دەكرێ.
هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە “سعودیە، ئێران و عێراق دەبنە سەرچاوەی زۆرترین زیادەی بەرهەمی نەوت لە جیهان و پێشبینی دەكرێ ئەو وڵاتانە بە تایبەتی تا ساڵی 2040 وەك سەرچاوەی یەكەمی نەوت لە جیهان بمێننەوە”.
هاوكات دەزگای زانیاری وزەی ئەمریكا پێشبینی دەكات ئاستی بەرهەمی نەوتی ئێران كە لە ساڵی 2012 گەیشتە ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لە ساڵی 2040 بگاتە 8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
ئەو دەزگایە هەروەها پێشبینی دەكات ئاستی بەرهەمی نەوتی عێراق كە لە ساڵی 2013 گەیشتە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لە ساڵی 2040 بگاتە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا گەر بەغدا بتوانێ بەسەر كێشەكانی ژێرخانی پێشەسازی نەوت چارە بكات و بە ئاشتیانە دەسەڵات لە عێراق ئاڵوگۆربكرێ.
دەزگای زانیاری وزەی ئەمریكا بە پشتبەستن بە شیكارییەكانی زیاتر دەڵێ: “ئاستی بەرهەمی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2040 بەبڕی 10 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل رۆژانە زیاد دەكات لە كاتێكدا ئێستا تەنها 25 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا”.
كۆمپانیای ئاسیا لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا دەڵێ “داهاتووی كەرتی وزەی جیهانی بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆر لایەن، زۆر جیاواز نابێ لەگەڵ دۆخی ئێستای ئەو كەرتە”.