كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی تا ساڵی 2017 كۆتایی دەهێنێت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئوسترالیا. بەو هۆیەشەوە هەزاران هەلی كار لەو وڵاتە لەدەستدەدرێ.
كۆمپانیاكە رایگەیاندووە لقی فرۆشی كۆمپانیاكە لە ئوسترالیا دادەخات و ئەگەریش هەیە كارەكانی چاككردنەوەی تەكنیكی ئۆتۆمبێلیش لەو وڵاتە دابخات.
هەروەك تۆیۆتا ئاماژەی پێكردووە ئەو بڕیارە لە ئاكامی تێچووی زۆری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە لەو وڵاتەداو بەوپێیەی تێچوون و كاركردن لە ئوسترالیا گرانە، كۆمپانیاكەیان ناچاربووە ئەو بڕیارە دەربكات و واز لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بهێنێت.
ساڵی رابردوو كۆمپانیای فۆرد و جەنەراڵ مۆتۆرزیش رایانگەیاند كە بە نیازی راگرتنی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلن لە ئوسترالیا.
دەرچوونی تۆیۆتا لە ئوسترالیا دەبێتە هۆكاری نەمانی كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبیل لەو وڵاتەو كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر پیشەسازی ناوخۆیی دادەنێت.
ئاكیۆ تۆیۆدا، سەرۆكی كۆمپانیای تۆیۆتا رایگەیاند “هۆكاری دیكە لە پشت بڕیاری داخستنی كۆمپانیاكەمان لە ئوسترالیا هەیە، وەك بەهای بەرزی دۆلاری ئوسترالیو ركابەری تووند لە بازاڕی ئوسترالیا”.
تۆیۆتا رایگەیاندووە باشترین هەوڵی خۆی دەدات بۆ یارمەتیدانی ئەو كارمەندانەی كە بەهۆی نەمانی كۆمپانیاكە رووبەڕووی بێكاریی دەبنەوە.
کۆمێنتەکان